هەشت بەرێوەبەری قوتابخانەی كوردی لە كەركووك لەسەر ئاڵای كوردستان دەستگیركران
لەسەر هەڵكردن ئاڵای كوردستان و نوسینی وشەی كوردی لەسەر دیواری قوتابخانەكانی كەركوك، هەڕەشەی دەستگیركردن لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان دەكرێت، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردیش لەو شارە دەڵێت:” لەلایەن پۆلیسەوە چەند مامۆستایەك لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوەو بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە.
(رەئوف محێدین) بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی لەكەركوك رایگەیاند:” بەهۆی ئەوەی لەلایەن كەسانی نەناسراوە نوسینی كوردی لەسەر دیواری چەند قوتابخانەیەك كراوە، پۆلیس بانگهێشتی بەڕێوبەری ئەو قوتابخانەی كردووەو بەڵێننامەشی پێ پڕكردوونەتەوە كە ئەو جۆرە كارە دوبارە نەكرێتەوە و ئەو نوسینانەش بسڕنەوە.
هەروەها بەریوبەری بەشی خوێندنی كوردی لە كەركوك گوتیشی: هەروەها داوا لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان كراوە تابلۆی قوتابخانەكانیان بگۆڕن، بەبیانووی ئەوەی ئاڵای كوردستانی لەسەر نەخشێنراوە، ئەگەر داواكارییەكانیش جێبەجێ نەكەن، فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەردەكرێت.
بەرێوەبەرێكی خوێندنی كوردی لە كەركووك بە (خواكوڕك)ی راگەیاند ئەمڕۆ هەشت بەڕێوەبەری قوتابخانەی كوردی لە لایەن هێزێكی سەر بە سوپای عێراق دەستگیركران, ئاگاداری سەرجەم قوتابخانەكان كراوە كە وشەی كوردستان و پێشمەرگە لە قوتابخانەكان بە كارنەهێندرێت هەموو ئەو تابلۆیانەی ئاڵای كوردستانیان لەسەرە بهێنرێنە خوارەوە تابلۆكان بكرێن بەكوردی.