هەلی دامەزراندن لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان راگەیەنرا
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەعیراق، لە ماڵپەڕی خۆی فۆرمی دامەزراندنی بۆ كارمەندان سەر سندوقی دەنگدان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بڵاوكردەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەعیراق، ئەوانەی سوودمەند دەبن، یان دامەزراندن دەیانگرێتەوە بریتین لە:
1- تەواوی كارمەندانی فەرمانگەكانی دەوڵەت، كە كەمترین بڕوانامەیان ئامادەیی بێت.
2- ئەندامانی سەندیكای پارێزەران و یاساییەكان.
3- قوتابیان و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان بەهەموو قۆناغەكانەوە، بەمەرجێك تەمەنی 18 ساڵ كەمتر نەبێت.
مەرجە داواكراوەكان بۆ پیشكەشكاران:
1- نابێت پێشكەشكار تەمەنی لە 63 ساڵ زیاتر و 18 ساڵ كەمتر بێت.
2- رێوشوێنەكانی لێپرسینەوە و دادپەروەری نەیگرێتەوە.
3- نابێت فەرمانبەری دام و دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان بێت.
4- نابێت هیچ بڕیارێكی كۆمسیۆن بۆ سزادانی دەرچوو بێت.
5- نابێت نوێنەری قەوارە سیاسییەكان بێت یان چاودێری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بێت لەڕۆژی دەنگداندا.
6- پێویستە دانیشتووی ئەو پارێزگایە بێت كە پێشكەشی دەكات بۆی.
7- پێویستە لەسنووری جوگرافی ناوەندی تۆماركردنی بێت.
8- نابێت نزیكایەتی هەبێت لەگەڵ كاندیدەكان (باوك، دایك، برا، خوشك، هاوسەر، كوڕ، مام، خاڵ).
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، پێشكەشكردن دەبێت لەڕێی سایتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە بێت (www.ihec.iq) لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت و هەژمارەكەش لەڕۆژی 15ی كانوونی دووەمی 2018ەوە دەكرێتەوە، تا رۆژی 30ی ئازاری 2018 بەردەوام دەبێت.