مەسروور بارزانی: دەستپێكردنەوەی تەعریب لە كەركووك و خورماتوو قبوڵناكرێت

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێویستە هەرچی زووترە دۆخی كەركووك و خورماتوو ئاسایی بكرێتەوە. دەشڵێت “ئەو رەوشە سەپێندراوەی ئێستا و دەستپێكردنەوەی تەعریب لەو دەڤەرانە بە هیچ شێوەیەك قبوڵناكرێت”.

ئەمڕۆ دووشەممە 15-1-2018 مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جۆن ویلكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر و شاندی یاوەری كۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندییە هەمەچەشنەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كردووەتەوە.

باڵیۆزی بەریتانیا پشتگیریی خۆی بۆ دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دووپاتكردووەتەوە، جەختی لەسەر پێویستیی هەرچی زووتر بە ئەنجام گەیشتنی ئەو گفتوگۆیانە كردەوە. ئاواتی خواست هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان و عێراق بە سەركەوتوویی بەڕێوەبچن.

لەبارەی دۆخی ئێستای كەركوك و خورماتوو، مەسروور بارزانی رایگەیاندووە “ئەو رەوشە سەپێندراوەی ئێستا و دەستپێكردنەوەی تەعریب لەو دەڤەرانە بە هیچ شێوەیەك قبوڵناكرێت و پێویستە بە هاوكاری هەموو لایەك هەرچی زووتر ئەو كردارانە رابگیرێن و دۆخی ئەم ناوچانە بە رەچاوكردنی دەستوور ئاسایی بكرێتەوە”.

مەسروور بارزانی دەڵێت “هەڵەكانی بەغدا هۆكاری دروستبوونی بێ متمانەیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە، تاوەكو ئەو عەقڵیەتەی حوكمڕانیی بەغدا بەم شێوەیە بمێنێت، زەمینەی سەرهەڵدانی كێشە سیاسییەكان بەردەوام دەبێت و بۆشاییەكی لەبار بۆ گەشەكردنی بیری تووندئاژۆیی دەڕەخسێتەوە، بۆیە بۆ دووبارە نەبوونەوەی كێشەكان پێویستە متمانە و دڵنیایی بۆ گشت پێكهاتەكان بگەڕێندرێتەوە”.

Back to top button