دوای تەنها دوو رۆژ هاوپەیمانییەكەی عەبادی لە لیستی فەتح هەڵوەشایەوە
ئەمڕۆ دووشەممە هێزێكی عێراقی سەر بە لیستی فەتح جیابوونەوەی خۆی لە لیستی “نەسر”ی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند، كە بڕیار بوو بەیەكەوە بەشداری هەڵبژاردنەكانی مانگی مایۆ بكەن.
فالح خەزعەلی پەرلەمانتار لە لیستی “مونتەسیرون”، رایگەیاند لیستەكەی لە هاوپەیمانیە نوێیەكەی عەبادی كشایەوە، ئەمەش تەنها دوو رۆژ دوای راگەیاندنی هاوپەیمانییەكە دێت.
هەروەها گوتیشی كە كوتلەكانی سەر میلیشیاكانی حەشدی شیعی، لەوانەش بەدر و عەسایبی ئەهلی حەق و كەتایبی ئیمام عەلی لە هاوپەیمانییەتی “نەسر” جیابوونەوە.
ئەم لێكترازانە لە كاتێكدایە كە تەنها دوو رۆژ بەسەر دامەزراندنی هاوپەیمانییەكەی عەبادییدا تێپەڕیوە، پێشتر لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكییش ئاماژەی دابوو كە هاوپەیمانییەكەی عەبادی بێ بنەما و بەرنامەیە، بۆیە پێش گەیشتنە وادەی هەڵبژاردن، لێكتری هەڵدەوەشێتەوە.