زێباری سه‌ره‌داوه‌كانی به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌ی عێراق ئاشكراده‌كات

خواكوڕك

هۆشیار زێباری وه‌زیری دارایی عێراق رۆژی 13/9/2016 به‌ فایناشناڵ تایمزی راگه‌یاندووه‌، هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستپێكردووه بۆ ئاشكراكردنی دۆسیه‌ی ئه‌و سه‌دان ملیۆن دۆلاره‌ی كه‌له‌لایه‌ن سیاسیه‌كانه‌وه له داهاتی گشتیی عیراق بە فیڕۆ دراوه، سه‌رچاوه‌یه‌كی زانیاریش ده‌ڵێت، ئاشكراكردنی ئه‌و دۆسیانه‌ به‌ته‌واوی شه‌قامی عێراقی ده‌جولێنێت و ناو ماڵی شیعه‌ كه‌رت ده‌كات.

نوری مالكی و حزبه‌كه‌ی، كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی وێران كردنی ئابووری و ژیاری خه‌ڵكی عێراق بوون، زۆرترین له‌و دۆسیانه‌ی تا ئێستا به‌نهێنی ماوه‌نه‌ته‌وه‌، به‌ریانده‌كه‌وێت. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌شڵێت به‌شێك له‌باڵی یه‌كێتی له‌ رێگه‌ی مه‌له‌فی كه‌ركوك هه‌مان مه‌ترسیان له‌سه‌ره‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌شڵێت، له‌ ئێستادا باڵێكی یه‌كێتی و گۆڕان له‌ژێرناونیشانی چاكسازی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، نیشانی میدیا و خه‌ڵكی ده‌ده‌ن كه‌ مه‌سه‌له‌ی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ زێبازی مه‌سه‌له‌یه‌كی چاكسازیه‌ له‌ عێراق، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ته‌واوی په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌ستگه‌یشتنی زێباری به‌چه‌ند مه‌له‌فێكی گه‌نده‌ڵی گه‌وه‌ره‌ كه‌ مه‌ترسی هه‌یه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی نیشتمانی عێراق.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، به‌دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و پیاوه‌، ده‌یه‌نه‌وێت دۆسیه‌كانیان له‌ ئاشكرابوون بپارێزن، گۆڕان و یه‌كێتیش هاوكاریان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و پرسه.‌

ماوه‌یه‌كه‌ پرسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ وه‌زیری دارایی بۆته‌ رۆژه‌ڤی ناوه‌نده‌ حكومه‌ی و حیزبیه‌كانی عێراقی، له‌كاتێكدا عێراق پله‌ی چواره‌می هه‌یه‌ له‌ ریزبه‌ندی وڵاتانی گه‌نده‌ڵ له‌جیهان، و له ‌پرسێكی چاكسازیه‌وه‌ په‌ڕێوه‌ته‌وه‌ بۆ پرسێكی سیاسی و به‌شێكیش له‌وانه‌ی پێشتر حوكمی عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، مه‌ترسی ئاشكراكردنی دۆسیه‌كانیان له‌سه‌ره‌.

Back to top button