ڕێکس تیلەرسن په‌یوه‌ندی به‌ نێچیرڤان بارزانیه‌وه‌ ده‌كات

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 15/1/2017، ڕێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیویەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دا، سەرەتا ھەردوولا ساڵی نوێی 2018یان لە یەکتری پیرۆز کرد، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ھەرێمی کوردستان، ھیوای خواست ساڵێکی سەقامگیربێت و پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا بە بەردەوامی گرنگی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەدات.

تیلەرسن، خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو دیدار و کۆبوونەوە بنیاتنەرانە دەربڕی کە لەنێوان شاندەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان ئەنجام دەدرێن، دەستووری عێراقیشی بە ڕێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی کێشە‌کان زانی و ئامادەیی خۆی بۆ پشتگیریکردن لە دیالۆگی نێوان ھەولێر و بەغدا نیشان دا.

ھاوکات، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر مەترسییەکیش دوای کۆتاییھاتنی داعش و ڕێگرتن لە سەرھەڵدانەوەی ھەر جۆرە توندوتیژییەک، جەختی لەسەر بایەخی ھاوکاری و ھەماھەنگیی زیاتری ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و ئەمریکا کردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پشتگیریی وڵاتەکەی لە پڕۆسەی دیموکراسی، ھەڵبژاردن لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەربڕی، ھەروەھا ھیوای خواست حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانەی تێیکەوتووە سەرکەوتوو بێت، لەمبارەیەوە پشتگیریی وڵاتەکەی دووپات کردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بۆ پشتگیرییان لە ھەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند ئێستاش مەترسیی سەرھەڵدانەوەی توندوتیژی لە ‌ئارادایە، بە پێویستیشی زانی ھەرسێ لایەنی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و ئەمریکا لەسەر میکانیزمێکی ھاوبەش کار بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لە ئێستا و داھاتوودا.

دووپاتیشی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ئامادە بووە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا و گفتوگۆی شاندەکانی ھەولێر و بەغدای لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ئەرێنی وەسف کرد، بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری گفتوگۆکانیش، پشتگیریی ھەموو لایەکی بە پێویست زانی.

نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەوە کردەوە کە ھەولێر، واشنتن بە ھاوپەیمانی خۆی دەزانێت و بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستا، پێویستی بە پشتگیریی دۆستانی ھەیە.
ھەروەھا جەختی لەوەش کردەوە کە پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنەکان، پرۆسەیەکی جددییە.

تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە کێشەکانی ناوچەکەوە بەگشتی، لایەنێکی دیکەی گفتوگۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێچیرڤان بارزانی و ڕیکس تیلەسن بوو.

Back to top button