ئه‌وه‌ی ده‌نگی به‌ریفراندۆم داوا له‌كه‌ركووك بزانه‌ چی لێده‌كرێت له‌لایان میلیشیاكانی حشد

پاش خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، دۆخی كه‌ركووك رۆژ دوای رۆژ سه‌ختر و دژوارتر ده‌بێت، به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانیش له‌ئێستادا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانە کوردییەکان دەرچووە و بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ڕای دەگەیەنێت، کە حەشدی شەعبی لە کەرکووک بە ھەموو شێوەیەک فشار دەخاتە سەر خەڵک.

کاوە ئەحمەد، کارگێڕی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: “لە کەرکووک فۆرمێک دابەش کراوە و دەبێت سەرجەم فەرمانبەران پڕی بکەنەوە و ڕەنگە بۆ داھاتوو ماڵ بەماڵ بگەڕین و پەنجە مۆری خەڵک وەربگرن تا ئەو فۆرمە پڕ بکەنەوە بۆ وەرگرتنی واژۆ لە خەڵک کە بەشداریان لە ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ نەکردبێت، ئەمەش بۆ ئەو مەبەستەیە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەو ریفراندۆمە کە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام درا، وای پیشان بدەن کە وا نەبووە، ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو: “فشاری ئەم بابەتەش بۆ دوا رۆژە و دەیانەوێت پڕۆسەی ریفراندۆم بخەنە ژێر پرسیارەوە و ھەوڵ دەدەن پەنجە مۆری خەڵکێکی زۆر وەربگرن و پاشان ڕای بگەیەنن کە ئەوەی باسی لێوە کراوە و خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کردووە لە پرۆسەی ریفراندۆم، دروست نییە، ھاوکات میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە ھەموو شێوەیەک فشار دەخەنە سەر خەڵک”.

هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیاری میدیاكان، پۆلیسی کەرکووک بە نووسراوێک، قوتابخانەکانی کەرکووکی ئاگادار کردووەتەوە کە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان و نووسینی ناوی کوردستان لە قوتابخانەکان قەدەغەیە. هاوكات هه‌ر لە کەرکووک فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانە کوردییەکان دەرکراوە، ئەمەش بە ھۆی ئەوەوە بووە لە سەر ژمارەیەک لە قوتابخانەکان وێنەی ئاڵای کوردستان لە سەر دیواری قوتابخانەکان دروست کراون.

Back to top button