یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهان دەگەڕێتەوە كوردستان

گەورە كۆمپانیای بواری نەوت شێڤرۆن، بڕیاری دا بگەڕێتەوە و دەست بە كارەكانی لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بكاتەوە. گوتەبێژی كۆمپانیاكە بە فەرمیی ڕایگەیاند، كە بەو نزیكانە دەست بە كارەكانیان دەكەنەوە.

گەورەكۆمپانیای بواری نەوت، شێڤرۆن گرووپ، ئەمڕۆ بە فەرمی ڕایگەیاند، كە دەگەڕێنەوە بۆ كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و فەرمانبەری خۆیان دەنێرن بۆ بەدواداگەڕانی نەوت و گاز لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستاندا.
كۆمپانیای شێڤرۆن گرووپ، كە كۆمپانیایەكی ئەمەریكاییە و بارەگاكەی لە شاری سان ڕامۆنی كالیفۆرنیایە و لە ١٨٠ وڵاتی جیهاندا كاری وەبەرهێنان دەكات. مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە كاتی هێرشی هێزەكانی عێراق بۆ سەر كەركووك كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان ڕاگرت، ئێستا كۆمپانیاكە دەڵێ، دەست دەكەنەوە بە كارەكانیان و دەگەڕێنەوە.
بە گوێرەی ڕیپۆرتێكی فۆكس بزنس نێتوۆرك، گوتەبێژی كۆمپانیای شێڤرۆن گرووپ ڕایگەیاندووە، بەم نزیكانە كۆمپانیاكەیان دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.
پێگەكە نووسیویەتی، لە دوای ڕیفراندۆمەوە یەكەم جارە كە لەم حەفتەیەدا شاندێكی بەغدا بە فەرمی بێنە هەولێر و دیالۆگ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن، ئەمەیش وەك كاریگەری نیشان داوە كە كۆمپانیای شێڤرۆن بگەڕێتەوە بۆ كاركردن لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستاندا و بارگرژیی نێوان هەولێر و بەغدا كەم بووەتەوە.
گوتەبێژەكەی كۆمپانیاكە دەڵێ، هەموو ڕێكارێكی پێویست گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی كار لەو شوێنانە بكەین، كە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەری ڕێك كەوتووین.
بە گوێرەی فۆكس بزنس نێتوۆرك، كۆمپانیاكە گرێبەستی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم هەیە كە لەو شوێنانە كاری بەدواداگەڕانی نەوت و گاز بكات، كە لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە ئەو شوێنانە بە جێگیری لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستاندان.
بە گوێرەی پێگەكە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا هیچ كۆمێنێتێكی لەسەر گەڕانەوەی شێڤرۆن نەداوە و گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراقیش بێئاگاییی لە گەڕانەوەی شێڤرۆن گرووپ بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕیوە، كە ئەو زانیاریی لەو بابەتەوە لەبەردەست نییە.
پێگەكە ئەوەیشی نووسیوە، كە لەگەڵ ئەوەی بەغدا ڕەزامەندیی نەبووە، بەڵام هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ كۆمەڵێك كۆمپانیای گەورە هەیە، لەوانە شێڤرۆن گرووپ، ئێكسۆن مۆبیل، ڕۆزنەفت و چەندانی دیكە.
كۆمپانیاكە لە كێڵگەكانی سارتا و قەرەداخ لە هەرێمی كوردستان پشكی هەیە.

Back to top button