سلێمانی بڕیارێكی حكومەتی رەتدەكاتەوە
سەبارەت بریاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ زیادكردنی باج لەسەر هاوڵاتیان، لە دانیشتنی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە زۆرینەی دەنگ بڕیارەكەیان ڕەت كردەوە.
دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆسێ شەممە 16ی1ی2018 (ئازاد محەمەد) سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند:” بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بەمەبەستی ئەوەی سەرجەم بڕیارەكانی حكوومەت رێكارە یاسایییەكانی تێپەڕێنێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیار درا بەوەی ئەو رسووماتانە رەت بكرێنەوە تا لەلایەن پەرلەمانەوە بەشێوەیەكی یاسایی بڕیاری لەسەر بدرێت”.
لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاشیگەیاند: ئەنجومەنی پارێزگا نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی پارێزگاری سلێمانی دەكات، كە بڕیاری ژمارە ١٢٦ی ئەنجومەنی وەزیران دەربارەی زیادكردنی باج و ڕسومات ڕابگرێت و وێنەیەك لە نوسراوەكەش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین.
جێگەی باسە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ١٢٦ی بە ڕێنمایی وەزارەتی دارایی دەركردووە بۆ زیادكردنی باج و ڕسومات لە فەرمانگە و دەمودەزگا حكومییەكان و باجی سەر خۆڵ و خاشاكی ماڵان.