ڕونکردنەوەیەکی بەپەلە بارەی گەشتە ئاسمانیەکان بڵاودەکرێتەوە
وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی ھەرێم ڕونکردنەوە لەبارەی بڕگەیەکی کۆنوسی ڕێکەوتنەکەی ھەرێم و بەغدا دەدات سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتیەکان لەفڕۆکەخانەکانی ھەولێرو سلێمانی، بەرپرسێکی ئەو وەزارەتەش چەند دەنگۆیەک ڕەتدەکاتەوە.
بەگوێرەی خاڵی دوەمی کۆنوسی لێکتێگەیشتنی ھەرێم و بەغدا سەبارەت بەفڕۆکەخانەکان ئاماژە بەوەکراوە، فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکە لەفڕۆکەخانەکانی ھەرێم بەڕەزامەندی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی دەبێت و ئەوەش وادەکات ڕێگە بەھەرێم نەدات پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانی ئاسایی بکاتەوەو ھاوکاری وڵاتانی پێبگات.
لەوبارەیەوە (ئومێد محەمەد) وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند: “بەر لەداخستنی فڕۆکەخانەکان، ھەر فڕۆکەیەک بەئاسمانی عیراقدا بڕۆشتایە، دەبوو ڕەزامەندی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عیراقی ھەبوایە، بەڵام ئەو ھەنگاوە لەنێوان ھەرێم و بەغدا زیاتر وەک کارێکی ڕۆتینات سەیردەکرا”.
ههروهها وتهبێژی گواستنهوهو گهیاندنی حكومهتی ههرێم ڕاشیگهیاند:”ئەگەر ئێستاش کار بەو ڕێنماییە بکرێت، ئایندەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان و ڕەزامەندی بەغدا بەو وەفدانەی دێنە ھەرێم وابەستەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا دەبێت، ئەگەر پەیوەندییەکانیان ئاسایی بێتەوە ئەو ڕێوشوێنە لەسەر ھەرێم توند ناکرێت”.
وتەبێژەکەی وەزارەتی گواستنەوە ئەوەشی ڕونکردەوە، “ئەگەر ھەرێم و بەغدا پەیوەندییەکانیان ئاسایی بێتەوەو ڕێککەوتن لەسەر پرسەکانی دیکە بکەن، بەدڵنیاییەوە بەغدا نابێتە ڕێگر لەھاتنی وەفدی وڵاتان بۆ ھەرێم، بەڵام ئەگەر پەیوەندییەکان بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت، کاریگەری نەرێنی لەسەر سەردانی وەفدی وڵاتان بۆ ھەرێم دەبێت”.
بەوتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی گواستنەوە، تائێستا ھیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لەفڕۆکەخانەکانی ھەرێم دیارینەکراوەو چاوەڕوانیشدەکرێت ئەو کۆنوسەی لەکۆبونەوەکەی دوێنێ 15/1/2018 ئامادەکراوە، بخرێتە بەردەم سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات.