ئاراس جەنگی و ئاڵا تاڵەبانی وەك جەنگاوەری پاراستنی یەكپارچەی خاكی عێراق خەلاتكران

ئەمڕۆ لە میانی كۆنگرەی (پاراستنی یەكپارچەیی عێراق) و وەك دوو كاراكتەر كە ڕۆڵیان لەم بابەتەدا گێڕاوە، ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق و ئاراس جەنگی، كادیری ئەو حزبە خەڵاتیان پێ درا.

دوای ئەوەی ئاراس جەنگی، كادیری یەكێتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە وەرگرتنی خەڵاتێكی لە میانی كۆنگرەی (پاراستنی یەكپارچەیی عێراق) ڕاگەیاند. سەلاح دەلۆ، بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك_گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: “بابەتی 16ی ئۆكتۆبەر زۆر گەورەیە و خیانەتێك بوو لە كورد و مێژووی كورد و كەركووك كرا، ئەو كەسانەش خیانەتەكەیان كرد، دیارن و ھەموو لایەك چ خەڵكی كەركووك، چ خەڵكی كوردستان و چ عێراق دەزانن ئەوانە كێن و كێ خیانەتەكەی كردووە؟، كۆمەڵێك بوون كە حزبە سیاسی و نەزان و بەڕاستی ئەبێ بڵێم خائین كەركووكیان بەو دەردە برد كە ئێستا تێی دایە”.

لەبارەی خەڵاتكردنی ئاڵا تاڵەبانی وەك باشترین پەرلەمانتاری ساڵی 2017 و خەڵاتكردنی ئاراس جەنگی، ئەو بەرپرسەی كەركووك دەڵێت: “ئاڵا تاڵەبانی و ئاراس جەنگی دەستیان لە خیانەتەكەدا ھەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا بە دڵی ئەوان مامەڵەیان كردووە، بۆیە خەڵات كراون”.

پێشتر كامیل ژیر، سیاسەتمەداری دێرینی كوردستان ڕاگەیاندبوو كە دوژمن كەسێك خەڵات دەكات، ”نۆكەری بۆ بكات“.

هەریەك لە ئاراس جەنگی و ئاڵا تاڵەبانی كە لە میانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا ڕۆڵێكی بەرچاویان لە بانگەشەكردن بۆ ئارامیی كەركووك و سووكایەتیكردن بە پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و پشتیوانیكردنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان هەبوو، لە بەرامبەر ئەو كارانەدا لە میانی كۆنگرەی (پاراستنی یەكپارچەیی عێراق)، خەڵاتیان پێ درا.

Back to top button