عەبدوڵای كوێخا موبارەك ھەڕەشەی تۆڵەكردنەوە لە لاهوور جەنگی دەكا

دوای ئەوەی دژە تیرۆری یەكێتی ویستی بەندیكراوانی بەندیخانەی فیدراڵی لە چەمچەماڵ بگوازێتەوە بۆ بەغدا لە بەرامبەر بڕێك پارە, شەڕ لە نێوان دژەتیرۆری یەكێتی و گرووپێكی چەكدار دروست بوو كە بووە هۆی كوژرانی كەسێك و بریندار بوونی دووی دیكە, بەھۆی كوژرانی ئامۆزایەكییەوە لەلایەن ھێزێكی دژە تیرۆر كە لەلایەن لاھوور جەنگییەوە بۆ چەمچەماڵ نێردراوە، عەبدوڵای كوێخا موبارەك، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی و بەرپرسی مەكۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان، ھەڕەشەی تۆڵەكردنەوە دەكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە كەسێكی نزیكی بنەماڵەی عەبدوڵای كوێخا موبارەكەوە، كە كوژراو بریندارەكان لە بنەماڵەی كوێخا موبارەكن چاوەڕێی ئەوە دەكەن كە دوای تەواوبوونی پرسەی (بێستوون نازم حەمە سلێمان) كە بەھۆی پێكدادانێك لەگەڵ هێزەكانی دژە تیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گیانی لەدەست داوە، لە ماڵی كەسایەتییەكی دیاری شارۆچكەی چەمچەماڵ بە ناوی (كەریم ئاغای ھەمەوەند) كۆ ببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەكە بكەن.

ھەر بەپێی ئەو زانیارییانە كان ، عەبدوڵای كوێخا موبارەك، ئامۆزای كوژراوەكە، نیگەرانە لەو ڕووداوە، بە جۆرێك لەبەرامبەر خوێنی ئامۆزاكەی، ”هەڕەشەی هەموو جۆرە تۆڵەكردنەوەیەك“ی كردووە، بەڵام بە ھۆكاری ئەوەی جارێ پرسەیان ھەیە، كاردانەوەی نیشان نەداوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە كادیر نازم حەمە سلێمان، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە و كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ھێزەكەی لاھوور جەنگی لەگەڵ سوپای عێراقدا ڕێككەوتنیان كردووە و ئەوكاتەی كە ڕێگری لە گواستنەوەی بەندكراوەكان كراوە، دژە تیرۆر پەیوەندییان بە لاھوور جەنگییەوە كردووە و ئەویش ھێزێكی فراوانی بە چەكی قورسەوە ناردووە، كاتێكیش ھێزەكە نزیكی گرتوخانەكە بوونەتەوە، تەقە لە براكانی ئێمە كراوە، بەداخەوە بەھۆی تەقەكانی دژە تیرۆرەوە برایەكی ئێمە شەھید بووە و دوو برای دیكەمان بریندار بوون”.

پێشتر عەبدوڵای كوێخا موبارەك لەگەڵ لاهوور جەنگی ناكۆكییان لە نێواندا هەبووە و تەنانەت جارێكیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی یەكێتییەوە بە فەرمانی لاهوور جەنگی دەستگیر كراوە.

Back to top button