نێچیرڤان بارزانی: كشانه‌وه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان نه‌بوو

له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌ی خۆی دا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت، كه‌ هه‌نگاوی باش له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر نراوه‌ ده‌شلێـ” هه‌نگاوه‌كه‌ی یه‌كگرتوو له‌ خزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوو، گوتیشی گفتوگۆکانی ھەولێر و بەغدا لەسەر کۆمەڵێک بابەت دەستی پێکردووە.

ده‌قی قسه‌كانی نێچیرڤان بارزانی..

پێشتر شاندێکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردبوو، دواتر شاندێک لە بەغداوە بە سەرۆکایەتیی مەھدی عەلاق سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد، لە ھەرێمی کوردستان، لە نێوان ئەم دوو لایەنە تیم دروست کران بۆ بابەتی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە وەزارەتی ناوخۆ و بەنداوەکان.

ھەڵسەنگاندنی ئێمە لە ئەنجومەنی وەزیران ئیجابییە و پێمانوایە کە دەست پێکردنێکی زۆر باشە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ئەو کێشانەی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا. خۆشحاڵین بەم دانیشتنانە، ھیوادارین بە ئەنجامێکی باش بگەین کە لە خزمەتی ھەموو ھاووڵاتییانی عێراق و کوردستاندا بێت و ئەم پەیوەندییەی لە نێوانماندا ھەیە، ئاسایی بکرێنەوە و زیاتریش بکرێن.

بڕیارە کۆبوونەوەی دیکەش بە دوای ئەم کۆبوونەوەیەدا بێت.

وەک دەزانن داوای لیستی مووچەخۆرانی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندرووستی کرابوو، شاندەکانمان ناردووەتە بەغدا و کۆبوونەوە کراوە، ئەمڕۆش کۆبوونەوەی دیکە لە بەغدا ھەیە، بە ھیواین بگەنە ئەنجام.

بانگھێشتەکە پێمان گەیشتووە، بەڵام ھێشتا بڕیارمان نەداوە کە ئایا من ئامادە دەبم یان نا، چونکە لەوانەیە ئەو کاتە ئێمە لە کۆنگرەی (داڤۆس) بین و لە ھەرێمی کوردستان نەبین.
ئاگادارین کە دوێنێ سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بڕیاری کشانەوەیان داوە، ئێمە پێمانوایە نە کاتەکەی گونجاو بوو و نە لە قازانجی ھەرێمی کوردستانیش بووە و نە لە قازانجی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بوو و بە ڕای ئێمە بۆ ھەرێمی کوردستان و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان گونجاو نەبوو، بەداخەوە بڕیارەکە ئێمەی زۆر نیگەران کرد. وەکوو تر ئەو وەزیرانەی تائێستا ئیشیان کردووە، سوپاسیان دەکەم کە لە ڕۆژی یەکەمەوە دەستیان بە کار کردووە و پابەندی سوێندی یاسایی بوون و ئەوەی لە توانایاندا ھەبووە بۆ خزمەتی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان کردووە.
لەبارەی ھەڵبژاردنەکانەوە من نامەم بۆ پەرلەمانی کوردستان نووسیوە زیاتر لە مانگ و نیوێک لەمەوبەر، داوام کردووە کە پێویستە ھەڵبژاردن بکرێت و لەگەڵ کۆمسیۆن دانیشتووین بۆ ئەوەی ڕێکاری چۆنیەتیی ھەڵبژاردنەکان دەستنیشان بکەین و ھەڵبژاردنەکانی کوردستان بکرێت، ئێستاش لەگەڵ پەرلەمان و کۆمسیۆن و حکوومەت دادەنیشین بۆ دانانی وادەی ھەڵبژاردن، وەکوو حکوومەتیش بەردەوام دەبین.

لەبارەی بابەتی دەرچوونی یەکگرتوو وەکوو حزبێکی سیاسی و بڕیارەکەیان بابەتێکە و مەسەلەی وەزیرەکانیان بابەتێکی ترە کە دەبێت دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان پێشکەش بکەن و تا ئەو کاتەی سەرۆک وەزیران ڕەزامەندی لەسەر دەست لەکار کێشانەوە دەدات، دەبێ لە کاری خۆیان بەردەوام بن، ھیوادارین تا کەسێکی دیکە دادەنرێ لە کارەکانیان بەردەوام بن.

ئێمە لەگەڵ ئەوە داین کە ھەموو ڕێگەکان بکرێنەوە و ھاووڵاتییان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقدا ھاتوچۆیان بکەن.

لە بواری چاکسازی لە ھەرێمی کوردستاندا، ئەو چاکسازییانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، ئەو کارانەی ئەمڕۆش کرا، دەمەوێ سوپاسی ھەموو ئەو کەسانە بکەم کە لە ئەنجومەنی وەزیراندا کاریان لە سەر ئەم پڕۆژەیە کردووە، ھیوادارم پڕۆژەکە کاری ھاووڵاتییان ئاسانتر بکات.

لەگەڵ فەرەنسا و ئەڵمانیا بەردەوام لەسەر ھێڵین لەبارەی دۆخی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، بەشداری لە کۆنگرەی داڤۆس دەکەین و کۆمەڵێک دیداریشمان لەگەڵ بەشدارانی کۆنگرەکە دەبێت.

پەیوەندی لە نێوان ئێمەدا ھەیە و لەم نزیکانە لەگەڵ بەغدا بە گشتی و ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆک وەزیرانیش باشتر دەبێت بەپێی پێشبینیمان، پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا و ئێران ئێستا بە بەراورد لەگەڵ مانگێک لەمەوبەر زۆر باشتر بووە، پێشبینی باشتربوونی پەیوەندییەکانمان لە ماوەیەکی نزیک دەکەین. دەتوانین بڵێین لەسەر ڕێگەیەکین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و ئێران.

مەحزەری کۆبوونەوەکەمان لەلایەن ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە و چاوەڕێ دەکرێ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆنووسی کۆبوونەوەکە ئیمزای لەسەر بکرێ و ئەوەی دەمێنێتەوە چەند بابەتێکی پێکەوەبەستنەوەیە کە ھەموو داواکارییەکان جێبەجێ کراوە و ئیتر ئەوەی دەمێنێتەوە بابەتی سیاسییە بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان.

لەبارەی مووچە، بەپێی ئەو داھاتەی ھەمانە بەردەوام دابەش دەکرێت، ئاگاداری ئەوە نین و بە فەرمی کەس ئاگاداری نەکردووینەتەوە کە حیسابێک ھەیە بۆ مووچەی فەرمانبەران، دەستخۆشی لە ھەر کەسێک دەکەین یارمەتیدەر بێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی ئێمە و بەغدا، بەڵام ئەگەر مەبەست ئەوەیە شتێکیان پێمان گوتبێت، نەخێر.

لەبارەی بودجەی عێراق هەڵوێستی هەرێمی کوردستان ڕوونە کە دەیەوێت لە بودجەی عێراقدا پشکی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ئەو بودجەیەی هەیە دیاری بکرێت، ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین نە زیاتر و نە کەمتر. لە کۆبوونەوەکانی کە لەگەڵ سندووقی دراوی جیهانیدا کراوە، جەخت لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە و بە عێراقیش گوتراوە کە دەبێ بودجەی هەرێمی کوردستان بە چ شێوەیەک بێت، داواکاریمان ئەوەیە کە بەو شێوەیە بودجەکەمان بۆ تەرخان بکەن.

سەردانی ڤاتیکانمان کرد، ئەوان بە گرنگەوە لە پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان دەڕوانن و تێگەیشتنی تەواویان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق لە چوارچێوەی دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت و دەڵێن ئێمە شانازی دەکەین لە وڵاتێکدا ئەم هەموو پێکهاتەیە پێکەوە دەژین و دوعای خێریان بۆ بەردەوامیی پێکەوەژیان لە کوردستان و هەموو عێراقیش دەکرد.

ئەوە ڕاست نییە کە ٨ هەزار کەسی (ئەنەکەسە) لە چوارچێوەی زێرەڤانی مووچە لە ئێمە وەربگرن. بابەتی ٢ ملیۆن دۆلارەکەش ڕاست نییە.

هەڵوێستی من ئەوەیە کە دەستپێکردنێکی باشە، ڕێگەیەکی دروستە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لەو کێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، دەست پێکردنەکەی زۆر باشە کە هیوادارم بەرەو ئەوەمان ببات کە چارەسەری هەموو کێشەکان بکەین لە چوارچێوەی عێراق و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق.

ئێمە بەپێی داهاتی خۆمان مووچە دیاری دەکەین و ئەوەی ئێستا هەیە، بەردەوام دەبێت بەو شێوەیەی کە تائێستا دراوە.

هیچ پارەیەک لە بەغداوە نەخراوەتە سەر حیسابی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاستیدا هیچ حیسابێکمان لە بەغدا نییە تا پارەی خرابێتە سەر، ئاگاداریش نیم.

دوو لێژنەمان ناردووەتە بەغدا کە پەروەردە و تەندرووستییە و لیستەکانیشیان لەسەر بنەمای بایۆمەتری لەگەڵ خۆیاندا بردووە، ئێمە هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەک دەکەین تاوەکوو دڵنیابن کە شەفافیەت لەو لیستانەدا هەیە و کێشەیان تێدا نییە، هیوادارین کێشەی ئەو دوو وەزارەتە چارەسەر بکرێ کە هەنگاوێکی باشە و ئێمە خۆشحاڵ دەبین ئەو بڕیارە بدرێت.

Back to top button