کۆمپانیای دیلۆت نێوده‌وڵه‌تی كۆتایی به‌ بانگه‌شه‌ و واتا واتی نه‌وت هێنا

له‌ پێناو شه‌فافیه‌تی زیاتری داهات و فرۆشی نه‌وتی كوردستان كۆمپانیایی نێوده‌وڵه‌تی دیلۆت، راپۆرته‌كه‌ی بڵاو كرده‌وه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دەڵێ به‌ڵێنەکەى بردە سەر و  ڕاپۆرتەکە له‌پێناو دابینكردنى زیاترى شه‌فافیه‌ت له‌ ته‌واوى پرۆسه‌ى به‌رهه‌مهێنان، هه‌نارده‌كردن، فرۆشتن و داهاتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌ى گشتگیرى وردبینیى سه‌رتاسه‌ریدا، یه‌كه‌م ڕاپۆرتى كۆمپانیاى وردبینیى نێوده‌وڵه‌تیى دیلۆیت بۆ ئه‌نجامى وردبینیى شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ساڵى 2017 بۆ ڕاى گشتیى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ خستووەتە ڕوو و بە مافى هاووڵاتیانی دەزانێ‌ ته‌واوى زانیارییان له‌سه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هه‌بێت”.

دوێنێ سێشه‌ممه‌، كۆمپانیایی دیلۆتی ئه‌مریكی راپۆرتی خۆی له‌باره‌ی شه‌فافیه‌تی زیاتر پرۆسه‌ی وزه‌ی كوردستان بڵاو كرده‌وه‌،  ته‌واوى زانیارییه‌كان به‌ داتا و ژماره‌ى وردبینیكراو‌ له‌خۆ ده‌گرێت بۆ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى 2017 كه‌ بڕى داهاتى به‌ده‌ستهاتوو دواى داشكاندنى خه‌رجییه‌كان بریتى بووه‌ له‌ “سێ ملیار و‌ سێ سه‌د و بیست و هه‌شت ملیۆن و دووسه‌د و یازده‌ هه‌زار و سه‌د و نۆزده‌” دۆلار، به‌ تێكڕاى نرخى “چل و یه‌ك” دۆلار و “بیست و نۆ” سه‌نت، بۆ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتى هه‌نارده‌كراو به‌ بۆرى، له‌ كاتێكدا تێكڕاى نرخى برێنت نزیكه‌ى “په‌نجا و یه‌ك” دۆلار و “حه‌فتا و یه‌ك” سه‌نت بووه‌”.

له‌ پرۆسه‌یه‌كى شه‌فافدا و به‌پێى پێوه‌ره‌كانى بانكى نێوده‌وڵه‌تى، دواى بانگهێشتكردنى چوار كۆمپانیا جیهانییه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كانى بوارى وردبینى، كۆتاییى ساڵى 2016 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ كاروبارى نه‌وت و گازه‌وه‌، گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین دوو كۆمپانیاى جیهانیى “دیلۆیت” و “ئى واى” واژۆ كرا. به‌پێى هه‌ردوو گرێبه‌سته‌كه،‌ وردبینیى سه‌رجه‌م داهات و خه‌رجى و پرۆسه‌كانى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت به‌ چالاكییه‌كانى ساڵانى ڕابردووشه‌وه‌، بۆ داهاتووش به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ بڕیارى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ (73) له‌ به‌روارى 3ى شوباتى 2016 و له‌به‌ر ڕۆشناییى یاساى نه‌وت و گازى هه‌رێم و یاساى سندووقى كوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتی وگازییه‌كان، چووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌”.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ هه‌نگاوێكى گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات به‌ ئاراسته‌ى په‌ره‌پێدانى شه‌فافییه‌ت له‌ كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان. حكوومه‌ت پێشنیاره‌كانى كۆمپانیاى دیلۆیتى په‌سه‌ند كردووه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانى پرۆسه‌كه‌، نه‌هێشتنى كه‌موكورتییه‌كان و وه‌رگرتنى ڕێكارى پێویست بۆ جێبه‌جێكردنیان‌. حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كارى له‌سه‌ر ڕاهێنانى ژمێریار و وردبینى دامه‌زراوه‌كانى چاودێریى دارایى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا كردووه‌ تاكو له‌ داهاتوودا سوود له‌ تواناكانیان وه‌ربگرێت،  بۆ یه‌كه‌مجاریش له‌ هه‌رێمى كوردستان پڕۆژه‌یه‌كى گشتگیری پێداچوونه‌وه‌ى كه‌رتى نه‌وت و گاز و وردبینیكردنى ژماره‌ و داتاكانى نه‌وت و گاز له‌م شێوه‌یه‌ و به‌ به‌شداریى كۆمپانیایه‌كى دیار و باوه‌ڕپێكراوى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌نجام ده‌درێت. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕاپۆرتى وردبینیى شه‌ش مانگی دووه‌می ساڵی 2017 و ڕاپۆرتی وردبینى بۆ ساڵه‌كانی 2014 و 2015 و 2016ی داهات و خه‌رجییه‌كانی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان‌ بخرێته‌ به‌رده‌م ڕای گشتی كه‌ ئێستا دیلۆیت كارى له‌سه‌ر ده‌كات.
بۆ هه‌ر سه‌ره‌نج و تێبینى و پرسیارێك له‌سه‌ر ئه‌م ڕاپۆرته‌ و ڕاپۆرته‌كانى داهاتووش، له‌ ده‌رفه‌تێكى نزیكدا میكانیزمێكى په‌یوه‌ندى ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت.

  1. ده‌توانن له‌م لینكه‌دا ده‌قى ڕاپۆرتى دیلۆیت به‌ ئیمزاكراوى و به‌ فۆرمى PDF سه‌باره‌ت به‌ وردبینیى هه‌نارده‌كردن، به‌كارهێنانى ناوخۆیى، داهات و خه‌رجییه‌كانى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ساڵى 2017  به‌ هه‌رسێ زمانى كوردى، عه‌ره‌بى و ئینگلیزى ده‌ستبخه‌ن.
  2. ده‌توانن له‌م لینكه‌دا به‌ فۆرمى PDF نامیلكه‌یه‌كى هاوپێچ به‌ هه‌ردوو زمانى كوردى و ئینگلیزى ده‌ستبخه‌ن كه‌ (27) پرسیار و وه‌ڵامى له‌خۆ گرتووه‌ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست و ئاسانكاریى تێگه‌یشتن له‌ بڕگه‌كانى ڕاپۆرتى دیلۆیت.
  3. له‌م لینكه‌دا به‌ فۆرمى PDF به‌ لاپه‌ڕه‌یه‌ك ده‌توانن داتا و زانیارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ڕاپۆرتى دیلۆیت سه‌باره‌ت به‌ وردبینیى هه‌نارده‌كردن، به‌كارهێنانى ناوخۆیى، داهات و خه‌رجییه‌كانى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تى تێكڕاى ڕۆژانه‌ى هه‌نارده‌كردن و نرخى به‌ده‌ستهاتوو له‌ فرۆشى یه‌ك به‌رمیل نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ نرخى برێنت بۆ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ساڵى 2017 به‌ هه‌رسێ زمانى كوردى، عه‌ره‌بى و ئینگلیزى ده‌ستبخه‌ن.

 

ئه‌نجومه‌نى هه‌رێمى بۆ كاروبارى نه‌وت و گاز
حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان
16/1/2018

Back to top button