سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: ھیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەكان نابێت بە ھەند وەربگیرێت
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی هەلبژاردنی هەرێمی كوردستان, تا ئێستا چەند حزبێك لە نێوانیشیاندا یەكێتی دەخوازێت هەلبژاردنەكان دوابخرێن, سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش دەڵێت:” ھیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەكان نابێت بە ھەند وەربگیرێت” هەروەها بۆ دوای هەلبژردنەكان دەلێت: پێویستە حكوومەتی زۆرینە و كەمینە پێكبھێنرێتەوە، چونكە حكوومەتی بنكە فراوان سەلماندی سەركەوتوو نییە.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: “ئەم ھەفتەیە پەرلەمان كۆبوونەوەی نابێت، بەڵام بە پێی یاسای سەرۆكایەتی كە دەسەڵاتەكانی دابەش كراوە سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی دێنە پەرلەمان و لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ دیاریكردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنەكان كۆدەبنەوە، ھەرچەنە بڕیار بوو ھەفتەی ڕابردوو بێنە پەرلەمان، بەڵام دڵنیاین ئەم ھەفتەیە دەبێ ئەو كۆبوونەو بكرێت”.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، ئەوەشی خستە روو، كە دوو تا سێ بنەما ھەیە بۆ ئەوەی وادەی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان پێش عێراق بكەوێت، یەكەمیان ماوەی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان دواكەوتووە، لەبەر ئەوەی ماوەكەی بۆ درێژكرا بوویەوە، دووەمیان ئەو خولەی پەرلەمان دەریخست كە ئەو ڕێككەوتنەی كرا و حكوومەتی لەسەر پێكھێنرا سەركەوتوو نەبوو، سێیەمیان ئەو حكوومەتەی پێكھێنراوە پشتیوانی سیاسی نییە، دەشڵێت: “لە ھەموو دونیا ئەگەر حكوومەت پشتیوانی سیاسی نەبێ بەڕێوە ناچێ، بۆیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆمان سەرلەنوێ ھەڵبژاردن دەبێ سەنگی مەحەك بێت، ھەم كوردستانیش بەھێزتر مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە نزیكترین كاتدا دەكەن”.
ئاشكراشی كرد: “ھاوپەیمانییەتییەك بۆ پێكھێنانی حكوومەت لە دوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان ھەیە، بەڵام بە تەواوی حكوومەتی بنكە فراوان ئەوەی سەلماند سەركەوتوو نییە و دەبێ حكوومەتی زۆرینە و كەمینە پێكبھێنرێت، ئۆپۆزسیۆنێكی مەعقول لە چوارچێوەی پرەنسیپەكانی دیموكراسیەت لەو وڵاتە پێكبھێرێت”،
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتیشی: “ھەر كێشەیەك لە نێوان ھێزەكان ھەیە، ھەر ھێزێك ترسی لە ھەڵبژاردن ھەیە، ئەوا نابێ ھیچ بیانوویەك بە ھەند وەربگیرێت، بۆیە ھیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن نییە”.