نێچیرڤان بارزانی بانگهێشت نامەیەكی لە بەغدا وە پێدەگات
دوابەدوای كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنەكە ئاشكرایكرد، بانگهێشتێكیان بۆ سەردانیكردنی بەغدا پێگەیشتوە.
لەوبارەیەوە لە پرێس كۆنفرانسێكدا نێچیرڤان بارزانی گوتی “بانگهێشتەكە گەیشتوە بۆئەوەی شاندی هەرێم بچێتە بەغدا، بەڵام تائێستا یەكلانەكراوەتەوە من دەچم یان نا، چونكە رەنگە لەوكاتەدا لە كۆنگرەی داڤۆس بم”.
لەبارەی كشانەوەی تیمی وزاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش رایگەیاند، بڕیارەكە گونجاو نەبو، هەروەك نیگەرانی كردوین.
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، داوای هەڵبژاردنیان كردووە و لەگەڵ پەرلەمان و كۆمسیۆن دادەنیشن و وادەكەی دیاری دەكەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، كۆبونەوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر دەستیانپێكردوە و تیمی جیاواز دروستكراوە لەسەر فڕۆكەخانە و دەوازە سنورییەكان و ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە وەزارەتی ناوخۆ و بەنداوەكانەوە. لەبارەی فڕۆكەخانەكانیش چاوەڕێن سەرۆك وەزیرانی عیراق تەماشای كۆنوسی لیژنەكە بكات.
وتیشی “ئێمە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەڵسەنگاندنی باشمان هەیە و دەستپێكی باشە بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەچوارچێوەی دەستوری عیراق و خۆشحاڵین هیوادارین بگەینە ئەنجامێكی باش و لە خزمەت كوردستان و عیراق بێت و پەیوەندییەكانی نێوان ئێمە و بەغدا ئاسایی بێت. بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە كۆبونەوەی دیكەش بەدوای ئەو كۆبونەوانەدا بێن”.