رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی: ئەندامێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی ئاشكرا دەكات.

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، ژمارەیەكی زۆری شاند و شارەزا و ئەندامانی هەواڵگریی بیانی بۆ گەڕان بەدوای یەك كەسدا كە ئەبو بەكر بەغدادی رێبەری داعشە هاتوونەتە عێراق.

لەماوەی 18 مانگی رابردووشدا، بەلایەنی كەمەوە 3 جار شوێنی بەغدادی دەستنیشان كراوە، بەڵام ئەو پاسەوانی و پارێزگارییە چڕەی لە رێبەری رێكخراوە توندڕەوەكە كراوە، رێگەینەداوە هیچ كەسێك لێی نزیكبێتەوە.

بەڵام بەگویرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی گاردیان، رۆژی 3ـی نۆڤەمبەری ساڵی2016، تەنها هەڵەیەك كە ماوەكەی 45 چركە بووە، خەریكبووە بەغدادی بخاتە تۆڕەكەوەو لایەنە هەواڵگرییەكان دەستیان پێی بگات، چونكە لەو كاتەی چاودێری پەیوەندییەكانی داعشیان كردووە، لەناكاو لە گوندێكی نزیكی شارۆچكەی تەلەعفەر گوێیان لە دەنگی بووە.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی گاردیان، ئەندامێكی باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە چاودێریی پەیوەندییەكەی كردووە، بەغدادی ماوەی 45 چركە قسەی كردووەو پاشان پاسەوانەكانی پەیوەندییەكەیان پچڕاندووە و بە خێرایی هەستیان بەو هەڵەیە كردووە كە كردوویەتی.

لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردووشدا لە گوندێكی باشووری قەزای بەعاج لە رۆژئاوای عێراق بۆ چەند ساتێكی كەم بەغدادی ئامێری پەیوەندی بەكارهێناوە.

هیشام هاشمی، شارەزای عێراقی و توێژەری مێژووی گرووپە توندڕەوەكان دەڵێت: “بەغدادی تاكە كەسە لەناو ئەو سەركردانەی رێكخراوی داعشیان دامەزراندووە كە تا ئێستا لە ژیاندا مابێتەوە”.

هاشمی روونیكردووەتەوە كە “لە نێوان 43 سەركردەی سەرەكی داعشدا، بەغدادی تەنها كەسە تا ئێستا دەژی”.

نەسرین ئەسەد ئیبراهیم كە بە دەریای زانیاری و وردەكارییەكانی رێكخراوەكە ناسراوە، پاش ئەوەی ساڵی 2015 دەستگیركرا گووتی: “دیدارێكی كورت لەگەڵ ئەبو بەكر بەغدادی كۆیكردووەتەوە، ئەویش ئەوكاتە بووە كە هاتووە سەردانی هاوسەرەكەی كردووە كە بە “ئەبو سەیاف” ناسرابوو.

بە گاردیانی گوتبوو: “تەنها لەو دیوی دەرگاكەوە “چا”ـم پێداون، بەڵام دەمزانی بەغدادی لە ژوورەوەیە، كەچی ئەوكاتە هاوسەرەكەم رێگەی نەدەدا بیبینم”.

ئاژانسە هەواڵگرییەكان لە عێراق و ئەوروپا پییانوایە، زیاتر لە 18 مانگە بەغدادی لە‌ گوندێكی باشووری باجە نیشتەجێییە، لە بازنەیەكی بەرتەسكدا دێت و دەچێت كە دەكەوێتە ناوچەی ئەلبوكەمال لەسەر سنووری عێراق و سووریا و شارۆچكەی شڕگات لە باشووری مووسڵ.

3 ئاژانسی هەواڵگریی تەئكیدیانكردووەتەوە كە ساڵی 2015 بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكەكانەوە لە نزیك شاری كەركووك، بەغدادی بە سەختی بریندار بووە. سەرچاوەكان بۆ گاردیانیان تەئكیدكردووەتەوە كە چەند مانگێك لە شارۆچكەی بەعاج بووە تا چاكبووەتەوە، بەڵام برینەكانی كاریگەری لەسەری هەبووەو بەوهۆیەوە جووڵەی كەمبووەتەوە.

بەگوێرەی قسەی ئەو شایەتحاڵانەی لە ئەلبوكەمال بەغدادیان بینیووە، دواینجار دوای مانگی رەمەزانی ساڵی رابردوو “خەلیفە”ـەكەی داعشیان بینیووەو لە دۆخێكی دەروونی خراپدا بووە.

بەڵام ھێشتا كەس دەستی بە بەغدادی رانەگەیشتووەو بەرپرسێكی هەرێمیی لە عێراق دەڵێت: “بەغدادی لە لێواری گۆڕدایە و ئەمساڵ دەستمان دەیگاتێ”.

Back to top button