عەبدوڵا كوێخا موبارەك: دوای شەهید كردنی ئامۆزام قەرزێكی گەورەمان لای بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی و دژە تیرۆری یەكێتییە
دوای ئەوەی هێزێكی دژە تیرۆری یەكێتی هەلیانكوتایە سەر چەند پێشمەرگەیەك كە پاسەوانی گرتوخانەی فیدراڵی بوون لە چەمچەماڵ بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان هۆكاری هێرشەكانی هێزەكەی لاهور شێخ جەنگی بۆ سەر پێشمەرگەكانی كۆسرەت رەسووڵ عەلی ئاشكرا دەكات و دەڵێت، لەمەودوا لە هەموو كەس زیاتر پێوەندیدارم بەو كێشەیەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی كانوونی دووەم، عەبدوڵا كوێخا موبارەك، بەرپرسی مەكۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان لە لاپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی، 60 بۆ 70 هەمەر و باجەری دژە تیرۆر هەڵیانكوتاوەتە سەر 20 پێشمەرگەی لیوای تایبەتی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی، كە برا و ئامۆزا و خزمی منن.
زیاتر گوتی، دژە تیرۆری یەكێتیی بۆ گواستنەوەی بەندكراوان نەچووبوون، بەڵكو بۆ داگیركردنی گرتووخانەكە بە تەواوی كۆگا و كەلوپەلی رێستورانت و حانووتی كۆمپانیای خۆراكی گرتووخانەكەیشەوە كە هی برا و خزمەكانی منە، ئەگینا ئەو گرتووخانەیە سێ هەزار بەندكراوی تێدا بووە و لە چەند مانگی رابردوودا دوو هەزار 500 بەندكراو گواستراونەتەوە بەبێ چاودێری دژە تیرۆر و هیچ كەسیش رێگری لێ نەكردوون.
موبارەك دەڵێت، برا و ئامۆزاكانی من چەتە و رێگر و چەكداری كۆمپانیا نین، هەروها بۆ رێگری لە گواستنەوەی بەندكراوەكان لەوێ نەبوونە، ئەوان ئەفسەر و پێشمەرگەن لە لیوای تایبەتی كۆسرەت رەسوڵ، جرێگری ئەوانیش لە دژە تیرۆر بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەم بۆ پاراستنی كەلوپەلی كۆمپانیاكەیان، دووەم پێ دەچێت ململانێی ناوخۆیی یەكێتی تێكەڵ بەم كێشەیە كرابێت، چونكە ئەوان دەڵێن سەرووی خۆمان ئاگەدار بوونە لە چوونی ئێمە بۆ گرتووخانەكە.
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرای دەكات، نزیكەی پێنج مانگە دەستبەرداری پشك و كۆمپانیای خۆراك و گرتووخانەی فیدراڵی چەمچەماڵ بوومە، لەبەرئەوەی برا و خزمەكانم گلەیی ئەوەیان لێم هەبوو كە من زۆربەی پارەی ئەو ئیشە بە هەدەر دەدەم و ئەوان تەنیا ماندووبوونەكەیان بۆ دەمێنێتەوە، منیش وەك سزادانێكێ خۆم و قەرەبوویەكی ئەوان، دەستبەرداری ئیشەكە بووم.
موبارەك لەبارەی رووداوەكەوە دەڵێت، رووداوەكە بەهیچ شێوەییەك پێوەندی بەمنەوە نەبووە و من یەك سەعات پێشتر ئاگەدار كرام و داوام لە برا و خزمەكانم كرد، كە ئەو شوێنە جێبێڵن با كێشە دروست نەبێت، بەڵام بە قسەیان نەكردم و بە بیانووی ئەوەی ئەوان لە لایەنێكی ترن و سەرووی خۆیان ئاگەدارە كە لەوێن، بۆیە ناتوانن بكشێنەوە.
كوێخا موبارەك ئاماژەی كرد، بەڵام ئێستە، كە ئامۆزایەكی خۆشەویستم و كوڕی شەهیدێكی سەركردەمان شەهید كراوە و بە هەموو شێوەیەك و لە هەموو كەس زیاتر پێوەندیدارم بەو كێشەیەوە و كورت و پوختی بابەتەكە ئەوەیە، كە قەرزێكی گەورەمان لای تەواوی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی و دژە تیرۆری یەكێتییە.
لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕێك لەنێوان هێزەكەی لاهور و چەند پێشمەرگەیەك لە شارۆكەی چەمچەماڵ رووی دا، كە ئەوكات بڵاو كرایەوە ئەو هێزە بەنیازی رزگاركردنی چەند بەندكراوێك بوونە. بەڵام بەهۆی رووبەڕووبوونەوەكە ژمارەیەك پێشمەرگە كوژران و بریندار بوون.