ئه‌مه‌ریكا پشتگیری له‌ دیالۆگێكی جددیی هه‌ولێر ــ به‌غدا ده‌كات

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17/1/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێزان برێت مه‌كگۆرگ نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕی دژی داعش و ئه‌ندریۆ پیك یاریده‌ده‌ری جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.
له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی گرژییه‌كان و دیدار و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌رێنییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی و هیوایان خواست كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وام بن به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامێكی گونجاو به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر پرسی فڕۆكه‌خانه‌، مووچه‌ و پێداویستییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم.
شانده‌كه‌ پشتگیریی خۆیان بۆ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و گفتوگۆیه‌كی جددی له‌نێوان هه‌ردوولادا نیشان دا و جه‌ختیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیی هاوكاری و پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها لایه‌نگریی خۆیان بۆ پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.
لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی وێڕای سوپاسكردنی ڕۆڵی هاوپه‌یمانان كه‌ ساڵانی ڕابردوو به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا ڕۆڵیكی گه‌وره‌یان گێڕا، به‌ پێویستی زانی هاوپه‌یمانان له‌ هاندانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وام بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، هه‌روه‌ها خۆشحاڵیی خۆی بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی نێوان تیمه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی كه‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی باش چوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌. به‌ڕێزیان ئه‌مه‌ی به‌ هه‌نگاوێكی جددی له‌ قه‌ڵه‌م دا و هیوای خواست كۆبوونه‌وه‌كان بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا بێت.
سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی و دیالۆگی جددی له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بووه‌ و هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ك بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت.
تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back to top button