ململانێی سەرکردەکان،ئێران بەرەو کوێ دەبەن؟
ئەردەڵان هەڵەبجەیی
ململانێی بەردەوامی سەرکردە سیاسیەکانی ئێران تا دێت پەرە دەسێنێت،گەرچی لە ڕابردوو ململانێکان لە نێوان دوو ڕەوتی ڕیفۆرم خوازو کۆنزەرڤاتیڤی توندڕەو بوون و ترۆپکی ململانێکانی نێوان ئەو دوو ڕەوتەش خۆپیشاندانە فراوانەکانی ساڵی ۲۰۰۹ی لێکەوتەوە،کاتێک ڕیفۆرم خوازان بە تۆمەتی یاری کردن و گۆڕانکاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، لایەنی تونڕەویان تۆمەتبارکرد،بەڵام دوواتر سوپاو دادگا خۆپیشاندانەکانیان خامۆش کردو سەرکردەکانی وەک موسەوی و کەڕوبیان خستە ژێر چاودێری و هێشتنەوەی ناچاری لە ماڵەکانی خۆیان.
هەوڵەکانی دادگا بۆ ڕێڴری کردنی ڕووداوی دوبارەی لەو جۆرە درێژەی کێشاو چەندین هەنگاوی نا لە دژی ڕیفۆرمخوازان کە خزمەتێکی گەورەیان بە خامنەیی و باڵی توندئاژۆکان کرد.
دواتر لە پێناو کپ کردنی یەکجاری دەنگی ناڕەزایەتیەکان،عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕش لە ساڵی۲۰۰۹ سادق لاریجانی کردە سەرۆکی دادگا لە شوێنی محمود شەهرودی،ئەم هەنگاوە جگە لە دروست کردنی بەربەست بۆ ڕیفۆرم خوازان هاوکات بۆ بەهێزتر کردنی پێگەی خودی خامنەیی بو لە ناو باڵی توند ئاژۆکان،چوونکە لاریجانی جێگەی متمانەی زۆری ڕابەر و خانەوادەکەشی پێگەی گرنگیان لە جومگەکانی دەسەڵات هەیە،لەو ڕووەوە عەلی لاریجانی برای سادق لاریجانی سەرۆکی پارلەمانە،ئەوە جگە لە باڵا دەستیان لە ناو حەرەس سەوری و توانایەکی ئابووری بەهێز،ڕۆژنامەی نییۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا باس لە هەیمەنەی خانەوادەی سادق لاریجانی دەکات لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی،تەنانەت هاوشێوەی خانەوادەی جۆرج کەنەدی ناویان دەبات،بەڵام وێڕای بەم هەنگاوانەی خامنەیی و ویستی ملکەچکردنی هەموان زۆری نەخایاندو ئەمجار ناکۆکی لە نێو ماڵی توندئاژۆکان دروست بوو،لە نێوان ئەحمەدی نەجات و سادق لاریجانی،ئەوەش بەهۆی تۆمەتبارکردنی یەکتر بە ئەنجامدانی گەندەڵی،ئەو ململانێیە گەیشتە ئاستێک نەجات بگاتە ڕەخنە گرتن لە خامنەیی (دوای ڕێگری کردن لە خۆکاندید کردنەوەی نەجات) و تۆمەتبارکردنی بە گەندەڵی لە پاڵ سەرۆکی دادگاو لەو ڕووەشەوە جگە لە هەڕەشە کردن،نەجات کەوتە بڵاوکردنەوەی بەڵگە،ئەوەش دوای دەستگیرکردنی جێگرەکەی نەجات بە تۆمەتی گەندەڵی و دواتریش دەستگیرکردنی نەجات بە هەمان تۆمەت،ڕوونیشە ئەو لێدوانانەی نەجات فاکتەرێکی گرنگ بوون بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران ئەویش بە خستنە ڕووی گەندەڵیەکانی ڕابەرو سەرۆکی دادگا،سەرەڕای ستەم و تاکڕەوی دەسەڵات و هەڵکشانی ڕێژەی هەژاری و بێکاری لەو وڵاتە.
دواجار پرسیار ئەوەیە کە سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و گرتن و کوشتنی هاوڵاتیان چارەسەری گرفتەکانی ئێران دەکات؟
ئەی بەردەوامی ناکۆکی نێوان سەرکردە سیاسیەکان ئێران ڕوەو کوێ دەبەن؟