ئەمریكا لەئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەكانی عێراق هۆشداری دەدات
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتیوانیی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە وادەی خۆیدا دەكات، كە بڕیار دراوە لە ئایاری 2018 بەڕێوە بچێت، ڕای دەگەیەنێت، دواخستنی دەبێتە پێشینەیەكی مەترسیدار بۆ پێشێلكردنی دەستوور.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، كە حكوومەتی ئەمریكا پشتیوانیی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرن عێراق لە وادەی خۆیدا، دەكات.
هەروەها ڕای گەیاندووە، كە دواخستنی هەڵبژاردن، دەبێتە پێشینەیەكی مەترسیدار و دەستوور پێشێل دەكات، هاوكات زیان بەپێشكەوتنی دیموكرایسی لە عێراق دەدات.
بۆ ئەو مەبەستەش، ئەمریكا بەڵێن دەدات، هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش بكات، لەوانەش لە ژماردنی دەنگەكان، بەتایبەت ئەو 2.6 ملیۆن ئاوارەییەی تائێستا نەگەڕاونەتەوە بۆ شارەكانی خۆیان.
هاوكات، هاوكاری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق دەكات بۆ ئەوەی، دەنگدەرانی ئاوارە بتوانن دەنگ بدەن و سیسیتمی دەنگدانی ئەلیكترۆنیش كارا بكەن.
ئەمە جگە لە باشكردنی توانای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی پارێزگاكان و پشتیوانیكردنی دەنگدان لە ناوچە ڕزگاركراوەكان، هەروەها هاوكاری كۆمسیۆن دەكەن بۆ دانانای پلانێكی تۆكمە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە 12/ 5/ 2018.
جێی ئاماژەدانە، لایەنە شیعەكانی عێراق لەگەل ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانن لە وادەی خۆی و لایەنە سونەكانیش داوا دەكەن یەك ساڵ دوا بخرێت.