دەنگدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ رۆژی شەممە دواخرا

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دەنگدانی نهێنی لەسەر دیاریكردنی وادەی هەلبژاردنەكان لە پەرلەمانی عێراق دەستیپێكرد و, زۆرینەی فراكسیۆنە شیعەكانیش دواخستنی ھەڵبژاردنەكان رەتدەكەنەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانیش، 149 پەرلەمانتار دەنگیان بەوە داوە كە دەنگدانەكە بەنهێنی ئەنجام بدرێت، بۆیە زۆربەی لایەنە شیعەكان دژی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنەكانن و، هەریەك لە فراكسیۆنەكانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە هۆڵی دانیشتنەكەیان جێهێشتووە و بە نایاسایی وەسف كردووە و، دانیشتنەكەش بەهۆی شكانی نیسیابی یاسایی بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو دواخرا.

سەرچاوەیەكیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەكۆبوونەوەیەكدا فڕاكسیۆنەكانی ھاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەكان بە ئەحراریشەوە، دواخستنی ھەڵبژاردنەكانیان بەھەموو شێوەیەك رەت كردۆتەوە و، ئەو فڕاكسیۆنانە داواكارییەكییان بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بەرزكردووەتەوە و, داوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا دەكەن.

هەر لەمبارەشەوە، هادی عامری فەرماندەی رێكخراوی بەدر لە لێدوانێكدا جەختی كردۆتەوە، پێویستە هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێن و، هیچ پاساوێك نییە بۆ دواخستنی.

لەبەرامبەریشدا، لایەنە سوننەكان داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەكەن و 155 واژۆشیان بۆ ئەو مەبەستە كۆكردۆتەوە, چونكە سوننەكان لەو باوەڕەدان، ئەمە تەڵەیەكە شیعەكان بۆ ئەوانی داناوە و، ئەگەر بەر لە گەڕاندنەوەی ئاوارە سوننیەكان بۆ سەر ناوچەكانیان هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەتایبەت كە ئێستا زیاتر لە 2 ملیۆن و نیو هاووڵاتی سوننە لە ئاوارەییدان، ئەوا سوننەكان ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن و, ئەنجامەكانیش لە قازانجی شیعە و زیانی سوننە تەواو دەبن. دواتریش دانیشتنەكە بەهۆی ئەوەی لەكۆی ئەو 200 پەرلەمانتارانەی لە دانیشتنەكەدا مابوونەوە، تەنیا 123 كەس بەشدارییان لە دەنگدانەكەدا كرد، بۆیە دەنگەكان پووچەڵ كرانەوە و نیسابی یاسایی دانیشتنەكە شكا و، دانیشتنەكە بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو دواخرا.

لایەنە كوردستانییەكانیش كە لە دانیشتنەكەدا بەشدار بوون، تائێستا هیچ هەڵوێستێكی جیاوازییان نیشان نەداوە، بەڵام ئەشواق جاف پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، پارتی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكان نییە، لەبارەی رەوایەتی دانیشتنەكەش گوتی، دادگای فیدراڵ دەتوانێت ئەوە یەكلایی بكاتەوە، ئاخۆ دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق یاساییە یاخۆد نا.

لەلایەكی دیكەشەوە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەكاتی خۆیدا دەكاتەوە و، ئەوان لەو باوەڕەدان، دواخستنی ئەو هەڵبژاردنانە ئەنجامی مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە.

Back to top button