لێكۆلەرێكی ئەمریكی: لە هەلبژاردنەكانی عێراق پاسدارانیش لیستیان هەیە
لێكۆڵەرێكی سیاسی و ئەندامی دامەزراوەی پرۆژەكانی ئەمریكا لە واشنتن رایدەگەیەنێت، ئەمریكا رێگە نادات سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، ھاوپەیمانییەتی پێكبێنن، چونكە ھەر كاتێك ھەر یەك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی سەركەوتن لە ھەڵبژاردنەكان بەدەستبێنن ئەوا راستەوخۆ داوای دەركردنی ئەمریكا دەكەن لە عێراق.
مایكڵ پریجێنت، شرۆڤەكاری سیاسی بەناوبانگ و شارەزا لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەردەم كۆنگرێسمانەكانی ئەمریكادا گلەیی لە كۆشكی سپی دەكات، سەبارەت بە رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو ئەو دەڵێت: “بەداخەوە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا پاڵپشتی كوردی نەكرد، سەرۆك ترەمپ، لە گوتارەكەی رۆژی 13/10/2017، رایگەیاند كە ئەو هێزانەی قاسم سولەیمانی، سەرپەرشتیان دەكات وەك سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆریستان دایە لە ئەمریكا، كەچی چەند كاتژمێرێك دوای ئەو گوتارە قاسم سولەیمانی، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئاراستەكرد، بۆ ئەوەی بە تانكەكانی ئێمە هێرش بكەنە سەر ناوچە كوردستانییەكان و داگیری بكەن، ئێمە دەبووایە كاردانەوەیەكمان هەبێ لەم بارەیەوە، چونكە گەر وەڵاممان هەبووایە ئەوا دەبوو بە هەڵوێستێكی جوان بەرامبەر بە كوردی هاوپەیمانمان و هەروەها دەبوو بە پەیامێكی بەهێزیش بۆ قاسم سولەیمانی”.
مایكڵ پریجێنت، گوتیشی: “ئەم لیستە لیستی پاسدارانە، قەیس خەزعەلی وهادی عامری و ئەلموهەندیسی تێدایە!، ئەمانە گرووپی سەر بە ئێرانن، راستە دەنگۆ هەیە كەوا هەندێكیان لەم لیستە هاتوونەتە دەرەوە، بەڵام راستیەكە ئەمەیە حەیدەر عەبادی، هاتنی ئەوانی بۆ ناو لیستەكەی قبوڵكرد، ئێمە دڵنیاین هەركامێكیان لە هەڵبژاردن سەربكەون یەكەم داوایان دەركردنی ئەمریكایە لەعیراق”.
گوتیشی: “رەتكردنەوەی عەبادی، بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و پڕوپاگەندەكردنی، گوایە وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێ كێشە دروست بكەن لەنێو هێزە عیراقییەكان و حەشدی شەعبی، ئەمە خۆی لەخۆیدا زۆر شتمان بۆ روون دەكاتەوە، كۆنگرێسیش لەم بابەتانە بێ ئاگا نییە و سەرنجی زۆری هەیە”.
ھەر پەیوەست بەم باسە فیلیپ لۆهاوس، لێكۆڵەری سیاسی و ئەندامی دامەزراوەی پڕۆژە كانی ئەمریكا ( AEI) رایگەیاند: “ئێمە ئومێد دەكەین لایەنەكان سەر بەعیراق بن نەوەك شوێنێكی دیكە، لە راستیدا كاتی ئەوە هاتووە كورد و سوننە لە داهاتووی حوكمڕانی لە عێراقدا رۆڵێكی زیاتریان هەبێ و، با جارێكی دیكە رەوشی ئەم وڵاتە نەكەوێتە ژێر مەترسیەوە”.