دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق, كەركووك دەخاتە دەرەوەی ماددەی 140
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو دادگای فیدڕاڵی عێراق چەندین بڕیاری پێچەوانەی یاسا و دەستوری هەمیشەی عێراق دژ بە هەرێمی كوردستان و گەڵی كورد دەركرد, لە دواهەمین بڕیاریان كە پیچچەوانەی دەستورە كەركووك خراوەتەوە دەرەوەی ماددەی 140, سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، دەلێت:” ئەوەی جێگەی سەرنجە دادوەرە كوردەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئیمزایان لەسەر بڕیارەكەی دادگا كردووە”.
ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی: “ڕاڤەكردنێكی مەترسیداری دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ ماددەی 140ی دەستوور لەسەر دەستنیشانكردنی مانای ناوچە جێناكۆكەكان كە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ژمارە 113 لە ڕۆژی 29/10/2017 لەسەر داوای ئەنجومەنی نوێنەران پێناسەی ناوچە جێناكۆكەكانی ھاتووە لە ماددەی 140ی دەستوور كردووە بە گەڕانەوە بۆ ماددەی 53/ڕ ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناخی گواستنەوە”.
سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەوەشی روون كردووەتەوە، كە راڤەكردنەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بەم شێوەیە كە ناوچە جێناكۆكەكان ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە لە پارێزگاكانی (كەركووك، دیالی و نەینەوا) لە لایەن حكوومەتی ئەو كاتەی ھەرێمی كوردستان لە بەرواری 19/3/2003 بەڕێوەبردراوە.
ئاشكراشی كردووە، كە بەپێی ئەم ڕاڤەكردنە كەركووك، بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، ھەژمار ناكرێ، بەڵام ئاكرێ و كفری دەبێت بە ناوچەی جێناكۆك و ئەم بڕیارەش لەسەر داوای دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران بووە لە ڕێگای ئەمینداریەتی ئەنجومەنی نوێنەران.
دەشڵێت: “دەبێت فەخامەتی سەرۆك كۆمار و ئەندام پەرلەمانەكانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر ئەم بابەتە بێنە دەنگ كە سوێندیان خواردووە پارێزەری دەستوور بن”.
ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ڕوونیشی كردووەتەوە: “لە كاتێكدا لە بڕگەی دووەمی ماددەی 140ی لە دەستوور بە ئاشكرا كەركووك بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، ھاتووە و ئەوەی جێگەی سەرنجە دادوەرە كوردەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئیمزایان لەسەر بڕیارەكەی دادگا كردووە”.