عهفرین بۆ كرایه ئامانج ؟
ڕاپۆرتی شیكاری : دانا مهنمی
گرنگییو پێگەی عەفرین
عەفرین شارێكی ڕۆژئاوای كوردستانەو لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای حەلەب-ی سوریایەو هاوسنورە لەگەڵ توركیا بە درێژایی 100 كیلۆمەتر.
باكوری عەفرین توركیایە، حەلەب دەكەوێتە باشورییەوە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە ناوچەكانی عەزازو باب هەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی قەڵغانی فوراتدانو سەر بە توركیان، لە ڕۆژئاوای عەفرین شاری ئیدلب هەیە كە بەرەی نوسرە بەهێزترین گروپی ئەو شارەیەو چەندین گروپی دیكەش هەن كە تێیاندایە سەربە توركیان.
عەفرین نزیكترین ناوچەی كوردستانە لە دەریای سپییەوە، توركیا ترسی ئەوەی هەیە كورد ڕاڕەوێك دروست بكات كە ڕۆژئاوای كوردستان بگەیەنێتە دەریای سپی، بەڵام بۆئەوەی كورد بگاتە دەریای سپی دەبێت ئیدلب لە دەستی بەرەی نوسرە ڕزگار بكات، ئەوەش یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پلانی ڕوسیا كە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەكییان لە سوریا لە 2018دا لەناوبردنی بەرەی نوسرە دەبێت كە ئێستا بە(دەستەی ڕزگاریی شام) ناسراوە.
بەپێی ڕێككەوتنی توركیا لەگەڵ ڕوسیاو ئێران لە ئاستانە، دەبێت شاری ئیدلب هاوشێوەی شارەكانی دیكەی سوریا وەكو حەلەب، حومسو حەماو دەوروبەری دیمەشق ڕادەستی حكومەتی سوریا بكرێت بەسەرپەرشتی ڕوسیا، بەڵام توركیا مەرجی ئەوەیە كە یەپەگەش عەفرین ڕادەست بكات.
عەفرین بە (بووكی كوردستان) ناودەبرێت، ناوچەیەكی شاخاوییو گەشتیارییە، داهاتی سەرەكی لە سەر زەیتونو میوەو سەوزەو گەنمە، لە 360 گوند پێكدێتو لە سەرەتای شۆڕشی سوریا لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە كۆنتڕۆڵكراوەو لەو كاتەوە سەرباری هەموو گەمارۆو هێرشی گروپە چەكدارەكان، كورد توانیویەتی بیپارێزێتو پێشكەوتن لە كەرتی جۆراوجۆر لە ناوچەكە بەدیهاتووە.
هەرچەندە ئەمەریكا بانگهێشتی توركیای كرد هیچ هەنگاوێك بەرەو عەفرین نەنێت، بەڵام ئەنقەرە سوورە لەسەر ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئەو ناوچەیەی ڕۆژئاوای كوردستان كە بەدەست شەڕڤانانی یەپەگەوەیە، ئەمڕۆش بەچڕیی بەردەوام بوو لە تۆپباران.
(ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆكی توركیا زیاتر لە هەفتەیەكە بە چڕیی هەڕەشەی هێرشكردنەسەر عەفرین دەكاتو دەڵێت :”تەنها كاتو ساتی هێرشكردنەكە ماوەو “لەناكاو دێین” ئەردۆغان بە ئاشكرا ئەوەی خستوەتەڕوو، وڵاتەكەی تەنها چاوی لە عەفرین نییەو بەڵكو دواتر هێرشدەكاتەسەر مەنبەجو ناوچەكانی دیكەش.
ئەنقەرە یەپەگە بە درێژكراوەی پەكەكە دادەنێتو تەئكید لەوە دەكاتەوە ڕێگەنادات لەسەر سنورەكانی جێگیر ببن، ئەردۆغان بوونی یەپەگەی كردووەتە پاساو تاوەكو هەنگاوبنێت بۆ مسۆگەركردنی بەشی خۆی لە خاكی سوریا، ئەنقەرە دەیەوێت سنورەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ سوریا(ڕۆژئاوای كوردستان) بەدەست ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوەبن كە سەربەخۆین، وەك دەستپێكی ئەوكارە چاوی بڕیوەتە عەفرین.
عەفرینو مەنبەج كە ئەردۆغان چاوی تێبڕیونو دەیەوێت كۆنتڕۆڵیان بكات، تاكە دوو ناوچەی ژێردەستی كوردن كە دابڕاون لە ناوچەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستانو لە یەكتریش دابڕاون، جەرابلوس كە بەدەست هێزەكانی سەربە توركیاوەیە مەنبەجو كۆبانی لە یەكتر دادەبڕێتو عەزازو باب كە بەدەست هەمان هێزەوەن عەفرین لە مەنبەج دادەبڕن.
تەنها ڕێڕەوێك كە كوردانی ڕۆژئاوا بتوانن لێیەوە بچنە عەفرین بۆهەر مەبەستێك ڕێگای حەلەبە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیەو ڕێككەوتن لە نێوان كوردو سوریا هەیە بۆ هاتووچۆكردنو ئاستەنگی دروست نەكردن، ئەوەش لە ژێر چاودێریی ڕوسیا، ڕێگای مەنبەج-حەلەبو حەلەب-عەفرین لە ژێركۆنتڕۆڵی حكومەتی سوریاو شەڕڤانانی كورددایە.
هەڵوێستی ئەمەریكاو ڕوسیا
ئەمەریكاو ڕوسیا كە دوو زلهێزترین وڵاتی دونیان لە سوریا، بێدەنگو تەماشاكەرنین لە هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ داگیركردنی عەفرین.
ئەمەریكا هەرچەندە لە عەفرینو ناوچەكانی دەوروبەری بنكەی سەربازیی نییەو لە مەنبەج بوونیان هەیە، بەڵام هاوكاریی تەواوی شەڕڤانان دەكات، ڕوسیاش كە لە نزیك عەفرین بنكەیەكی سەربازیی هەیە تائێستا پشتیوانی ئەردۆغانی نەكردووە دژی كورد، بە پێچەوانەوە ناڕاستەوخۆ پشتی كورد دەگرێت.
ڕوسیا كە پاڵپشتیی تەواوی حكومەتی سوریا دەكات، هەڵوێستی بەجۆرێكە سوورە لەسەر ئەوەی هەر وڵاتێك بیەوێت بچێتە خاكی سوریاوە دەبێت بە ڕەزامەندی حكومەتی دیمەشق بێت، حكومەتی سوریاش بەتوندی دژی ئەردۆغان وەستاوەتەوە لە پرسی هێرشكردنەسەر عەفرین.
(فەیسەڵ میقداد) جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا، لەگەڵ ڕەخنەگرتن لە ئەمەریكاو داوای كشانەوەی ئەو وڵاتە لە خاكی سوریا، هاوكات هۆشداریی دایە توركیاو وتی”سەرۆكایەتی توركیا لە هەر جۆرە دەستدرێژییەك ئاگاداردەكەینەوە بۆسەر خاكی سوریا، دەستتێوەردانی سەربازی توركیا دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكاتو جموجۆڵە سەربازییەكانی توركیا نیگەرانی كردووین.”
جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا،ههڵوێستی وڵاتهكهی خسته ڕوو سهبارهت به عهفرین ڕایگهیاند :” جوڵەی سەربازی توركیا بۆسەر عەفرین مایەی قبوڵكردن نییەو “هێزی بەرگریی ئاسمانیی سوریا ڕوبەڕوی هەر فڕۆكەیەكی توركیا دەبێتەوە، كە ئاسمانی سوریا ببەزێنێت.”
هەروەها ئەمەریكا داوای لە توركیا كرد هیچ ههنگاوێك نهنێت بهرهو عهفرینو تەنها چاوی لەسەر شەڕی دژی داعش بێت.
(هێزەر ناوێرت) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ڕایگەیاند”نازانین توركیا ئۆپەراسیۆن بۆ سەر عەفرین ئەنجام دەدات یان نا، بانگهێشتی توركیا دەكەین كە هیچ هەنگاوێك نەنێت بەرەو عەفرین. پێویستە هەموو لایەنەكان چاویان لە سەر بابەتی لەناوبردنی داعش بێت.”
حكومەتی ئەنقەرە داواكارییهكهی ئهمریكای ڕهتكردووهتهوه لەوبارەیەوە نورەدین جانیكلی وەزیری بەرگری توركیا، وتی”هەڕەشەی داعش تەواو بووەو بەشێوەی فەرمی ڕاگەیەندرا. ئیدی هەڕەشەی داعش لە سوریاو عێراق نەماوە. لە كاتێكدا ئەو ڕاستییە لە گۆڕێیە لە ڕاستیدا لێدوانی لە جۆری ‘تەركیز بخەنە سەر داعش’ زۆر بێواتایە.”
وەزیری بەرگری توركیا، تەئكیدی كردەوە ئۆپەراسیۆنی عەفرین ئەنجامدەدەن ڕایگهیاند:”بەڵام كاتو سەعاتی لەچوارچێوەی پێویستیی ئۆپەراسیۆنەكەدایەو بەشێكە لە پلانەكە كە پەیوەستە بەوەی ئۆپەراسیۆنەكە بە كاریگەرترین شێوەو بە سەركەوتووترین شێوە بەڕێوەبچێت. لەبەرئەوە ئێستا لەو چوارچێوەیەدا كاری پێویست دەكرێت.”
(بەهجەت عەبدۆ) سەرۆكی دەستەی پاراستنی عەفرین بەئاژانسی سپۆتینگی ڕووسی وتووە، لە ڕووی پاراستنەوە زۆر دەرفەتیان هەیەو هێزە نێودەوڵەتییەكان پشتیوانییان دەكەن.
دەربارەی پێدانی موشەكی دژە فڕۆكە لە لایەن ئەمەریكاوە (بەهجەت عەبدۆ) دەڵێت”كەس دۆخی سەربازیی خۆی ئاشكرا ناكاتو ناڵێت چیم هەیەو چیم نییە، هەموو كەس دەڵێن ئەو مووشەكانە دراون، بەڵام ئێمە دەتوانین بڵێین دەرفەتی ئێمە زۆرن. ئێمە ناڵێین كێ چی داوە بە ئێمە. من دەتوانم تەنها ئەوە بڵێم دەرفەتی ئێمە زۆرن بۆ پاراستنی خاكی خۆمان. ئێمە وەڵامی تووندی سوپای توركیاو ئەوانە دەدەینەوە كە پشتگیرییان دەكەن. ئێمە عەفرین بۆ توركیا دەكەینە گۆڕستان.”