پەرلەمانتارێك: بەغدا نیەتیەتی بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەكانی هەرێم بە عەرەب بدرێن
تائێستا هەرێم و بەغدا سەبارەت بەكێشەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم نەگەیشتونەتە ڕێكەوتن، پەرلەمانتارێكی كوردیش ئاشكرایدەكات، “حكومەتی عیراق دەیەوێت كەسێكی عەرەب یان توركمان بكات بەبەڕێوەبەری فڕۆكەخانەكانی هەرێم”.
(تاڤگە ئەحمەد) پەرلەمانتاری كورد لەئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیاند: “نیەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران ئەوەیە بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەكانی هەرێم لەكورد وەربگرێتەوەو بیدات بەكەسێكی (عەرەب یان توركمان )یاخود پۆستی جێگری بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەكان وەربگرێت”.
هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاند:”لەدوا كۆبونەوەیاندا وەفدی حكومەتی عیراق بەڕەسمی ئەو داوایەی لەهەرێم نەكردوە، بەڵام لەچوارچێوەی گفتوگۆی نێوان هەردولادا ئەو بابەتە باسكراوە، بەڵام تائێستا وەڵامی حكومەتی هەرێممان لەوبارەیەوە نەزانیوە”.
لەبەرامبەریشدا (تاهیر عەبدوڵڵا) بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لەلێدوانێكدا گوتی”بەهیچ شێوەیەك لەكۆبونەوەكانی نێوان وەفدی هەرێم و بەغدادا باس لەڕادەستكردنی فڕۆكەخانەكانی هەرێم و بەڕێوەبردنیان لەلایەن عیراقەوە نەكراوە”.
وتیشی:”جگە لەتاووتوێكردنی پرسی جێبەجێكردنی یاسای فڕۆكەوانیی عیراق، باس لەگۆڕینی بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەكانیش نەكراوە”.