توركیاو ئەمریكا لەبارەی عەفرین گفتوگۆ دەكەن

هاوكات لەگەڵ تەشەنەسەندنی پەیوەندییەكانی ئەنقەرە – واشنتۆن لەسەر ئۆپەراسیۆنی عەفرین و ڕێكخستنی هێزەكانی كورد لە سنوورەكانی سوریا، وتەبێژی سەرۆك كۆماری توركیاو ڕاوێژكاری كۆشكی سپی قسەیان كرد.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ، نووسینگەی سەرۆك كۆماری توركیا بە دەركردنی ڕاگەیەندراوێك سەبارەت بە گفتوگۆی تەلەفۆنی (ئیبراهیم كالین) وتەبێژی ئەو دەزگایەو (هێربێرت ماكماستەر) ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی، ئاماژەی بەوەداوە كە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا باس لە هاوبەشی ستراتیژی بەردەوامی هەردوو وڵات و گرنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سەرووی هەموویانەوە پەكەكە، داعش و قاعیدە كراوە.

(ئیبراهیم كالین) لە میانەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا داوای لەلایەنی بەرامبەر كردووە كە كۆتایی بهێنرێت بە پشتگیری كردنی یەپەگە – پەیەدە.

هاوكات هەر دوولا لەسەر هاتنە ئارای قۆناغی ڕاگوزەری سیاسی لە سوریا، ڕێككەوتن و جەختیان كردۆتەوە كە لەو قۆناغەدا نابێ هیچ هەرەشەیەك ڕووی لە دراوسێكان بێت و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری ناوچەكە لەبار نەبات.

وتەبێژی سەرۆك كۆماری توركیا لە درێژەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باسی لە نیگەرانییەكانی وڵاتەكەی لە بەرامبەر چاڵاكیەكانی (فەتحولڵا گویله‌ن) لە ئەمریكاو هەنگاوەكانی بەرەنگاری ئەو رێكخراوە كردووە.

شایانی باسە، ئەو گفتوگۆیە لە كاتێكدایە كە توركیا بە توندی دژایەتی خۆی بۆ ڕێكخستنی هێزێكی (30) هەزار كەسی لە كوردەكانی سوریا لەلایەن ئەمریكاوە بۆ پاراستنی سنوورەكانی سوریا دەربڕیووە.

Back to top button