لەبارەی هێڕشی توركیا بۆ سەر عەفرین ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆدەبێتەوە

لەسەر داوای كۆماری فەرەنسا، بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هێرشی توركیا بۆ سەر عفرین لە رۆژئاوای كوردستان تاوتوێ بكات.

ئەمڕۆ كۆماری فەرەنسا داوای راگرتنی ئۆپەراسیۆنی توركیای بۆ سەر عفرین و كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد.

جان ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، دەبێت توركیا هێرشەكانی بۆ سەر هێزە كوردییەكان لە عفرین رابگرێت، چونكە ئەوان بەشێكن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

گوتیشی: “پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ئەنجام بدات و تێیدا ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر عفرین تاوتوێ بكرێت”.

لە نوێترین هەڵوێستیشیدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پەیوەندی بە هاوتا توركییەكەیەوە كرد و رایگەیاند، شەڕ چارەسەر نییە.

ئێوارەی رۆژی شەممە 20ی كانوونی دووەم/ یەنایری 2018، كاتژمێر (05:00) هێرشی توركیا بۆ سەر عفرین لە ژێر ناوی “ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتون” و بە بۆمبابارانكردنی شارەكە لە لایەن فڕۆكه جەنگییەكانی توركیاوە دەستیپێكرد.

ئەمڕۆش سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەردەم لایەنگرانیدا لە ویلایەتی بۆرسای خۆرئاوای توركیا لە وتارێكدا هێرشی كردە سەر یەپەگە و پەیەدە و پەكەكە و ئەو رێكخراوانەی بە “تیرۆریست” ناوبردن.

هەروەها گوتی: “هەندێك لە هاوپەیمانەكانمان 200 باری فڕۆكە و 5000 بارهەڵگر چەك و تەقەمەنییان بەخشیوەتە ئەو رێكخراوانە”.

Back to top button