سەركردەیەكی پارتی: پێویستە پەیەدە و ئەنەكەسە بە هاوبەشیی عەفرین بپارێزن

دوای ئەوەی سوپای توركیا هێرشی كردە سەر عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان, ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان داوا دەكات پارتی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە رۆژئاوای كوردستان تاكڕەوی نەكات و لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) عەفرین بپارێزێت.

عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: “ئەگەر خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر نەبووایە و وەڵامێكی توندی سوپا و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك بدرابوایەتەوە، ئەوا ئێستا توركیا هێرشی نەدەكردە سەر عەفرین.

هەروەك عەلی عەونی رایگەیاند، هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین پیلانێكی دوژمنانی كوردە و وڵاتانی زلهێزی جیهانە وەك ئەوەی لە كەركووك رووی دا و بە پیویستیشی دەزانێ پەیەدە و ئەنەكەسە عەفرین بپارێزن و ”رێگە نەدەن وەكچۆن كەركووك فرۆشرا، عەفرینیش بفرۆشرێت“.

رۆژی شەممە 20/1/2018، سوپای توركیا بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، هێرشی كردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی لەناوبردنی هەموو شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پەكەكەی لە عەفرین كردووە و سەركردایەتیی پەكەكەش پێشتر هۆشداریی دابوو لەوەی ئەگەر توركیا هێرش بكاتە سەر عەفرین، ئەوا پەكەكە شەڕەكە گەورە دەكات، بەشێوەیەك ”كەس پێشبینی ئەنجامی شەڕەكە ناكا”.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەكی دیكە، بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی كوردیان شەھید و بریندار كرد و نزیكەی 200 ھەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكترتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: “ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دایە”.

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ڕاشكاوی ڕای گەیاند: ”هۆكاری 16ی ئۆكتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵكوو خیانەتی گرووپێكی نێو یەكێتی بوو“. باسیشی لەوە كرد كە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەكێتی وەك خیانەتكار سزا دەدا.

Back to top button