عەفرین لەبەردەم هێرشی 24 كاتژمێری ئەردۆگاندا خۆڕاگرە
24 كاتژمێر بەسەر هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین تێپەڕی، توركیا بە 72 فڕۆكەی جەنگیی زیاتر لە 100 ناوچەی بە چڕیی بۆردومان كرد، یەپەگە دەڵێت، ناوچە بۆردومانكراوەكان شوێنی مەدەنییو نیشتەجێ بووننو بەهۆیانەوە 3 شەڕڤانو 7 كەسی مەدەنی شەهید بوونو زیاتر لەو ژمارەیەش بریندار هەن.
هەرچەندە هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین ناڕەزایی وڵاتانی زلهێزی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناو داوای ڕاگرتنی دەكرێت، بەڵام ئەردۆغان سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنەكەی.
هێزی سەربازیی توركیاو ئەو گروپە چەكدارانەی سەربەو وڵاتەنو لە خاكی سوریادان نزیك لە عەفرین، لە چەند قۆڵێكەوە هێرشی زەمینییان كردووە، هەرچەندە توركیا ڕایگەیاند چوونەتەناو عەفرین، بەڵام یەپەگە دەستبەجێ ئەوەی ڕەتكردەوەو دەڵێت، ڕێگەیان نەداوە هیچ پێشڕەوییەك بكرێت.
فەرمانداریی یەپەگە لە كانتۆنی عەفرین لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، لە شەڕو پێكدادانەكاندا “4 سەربازی توركیاو 10 چەكداری گروپەكانی سەربەو وڵاتە” لە ناوچەكانی نزیك عەفرین كوژراونو چەند تانكێكی سەربازیی تێكشكێندراون.
هێرشەكانی توركیا كاردانەوەی فراوانی كوردانی لێكەوتەوەو لە هەرێمی كوردستانو چەند وڵاتێكی ئەوروپا خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجامدرانو داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی هێرشەكانو هەڵوێست وەرگرتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرا.
كاردانەوەی وڵاتان
زۆر وڵات كاردانەوەیان پیشاندا بەرامبەر هێرشەكانی توركیاو هیچ وڵاتێك بە ئاشكرا پشتیوانیی ئەنقەرە ناكات، هەندێكیان بەتووندی دژی هێرشەكان وەستانەوە.
هەریەكە لە ئەڵمانیا، میسر، ئێرانو ئەمەریكا نیگەرانییان لە هێرشەكان پیشانداوەو داوای ڕاگرتنی شەڕ دەكەن، فەڕەنساش داوای ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەكە لە توركیا دەكاتو هاوكات داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكات دەربارەی عەفرین، بڕیارە ئەنجومەنەكە سبەینێ كۆببێتەوەو دۆخەكە تاوتوێ بكات.
بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریاش هێرشەكانی توركیای بۆسەر عەفرین بە “دوژمنكارانە” وەسفكردو حكومەتی ئەنقەرەی تۆمەتباركرد بە “پشتیوانیكردنی تیرۆر.”
توركیا گوێ بە داواكاریی وڵاتان نادات بۆ ڕاوەستاندنی ئۆپەراسیۆنەكەی دژی هێزە كوردییەكان لە عەفرین كە ناوی ناوە (ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون)، سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ قسەیان دەربارەی ئەو دۆخە كردو تەئكید لە بەردەوامیی پڕۆسەكە دەكەنەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ڕایگەیاند”ئۆپەراسیۆنی زەمینی بەردەوامەو وەستان نییە” هەڕەشەی سەركوتكردنی هەرجۆرە خۆپیشاندانو ناڕەزاییەكیشی كرد كە كوردانی باكوری كوردستان بیانەوێت دژی ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجامی بدەن.