مۆڵەتی راگرتنی پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان درێژدەكرێتەوە
حكومەتی هەرێم مۆڵەتی راگرتنی پەخشی كەناڵە ناوخۆییانە درێژدەكاتەوە، بەرپرسێكی وەزارەتی رۆشنبیریش رایدەگەیەنێت: 74 كەناڵ رسوماتیان نەداوەو تاوەكو 1ی 2ی 2018، مۆڵەت نوێنەكەوە و رسوماتەكانیان نەدەن پەخشیان رادەگیرێت.
(محەمەد گەردی) بەرێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بەپێی نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناخۆو رۆشنبیری پەخشی 74 كەناڵی تەلەفزیۆنی لۆكاڵی رادەگیرێت، ئەگەر مۆڵەتەكانیان نوێ نەكەنەوەو رسوماتیش نەدەن.
وتیشی: رسوماتی یەك ساڵ بۆ كەناڵە لۆكاڵییەكان ئەگەر پەخشی سەرتاسەری بێت 5ملیۆن دیناری عیراقیەو رسوماتی كەناڵی ئاسمانی 10ملیۆن دینارە، كەناڵ هەیە شەش ساڵە مۆڵەتی نوێ نەكردۆتەوەو بەگشتی كەناڵە ئاسمانی و ناوخۆییەكان زیاتر لە 2ملیار دینار رسوماتی نوێكردنەوەی مۆڵەتەكانیان قەرزارن.
ئاماژەی بەوەشدا كە بڕیارەكە لەقۆناغی یەكەمدا كەناڵەكانی تەلەفزیۆنی ناخۆیی دەگرێتەوەو لەقۆناغەكانی دواتردا رادیۆو كەناڵە ئاسمانییەكانیش دەگرێتەوە.