زانكۆیەكی بیانی لە هەولێر كرایەوە

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر كردنەوەی لقی زانكۆیەكی چیكی لە شاری ھەولێر.

(عەباس ئەكرەم) گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو لە كۆبونەوەی ژمارە سێی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕەزامەندی نیشاندرا لەسەر كردنەوەی لقی زانكۆی (VSB-Technical University Ostrava) چیكی لە ھەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی یاسای زانكۆ تایبەتەكان ئەو داوا بەرزكرایەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران”.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستە روو، كە ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (٣٦١) لە ڕێككەوتی ٢/١/٢٠١٨، ڕەزامەنی لەسەر كردنەوەی لقی ئەو زانكۆیە لە شاری ھەولێر نیشاندا.

ئاشكراشی كرد، كە زانكۆی (VSB-Technical University Ostrava) چیك یەكێكە لە زانكۆ پێشكەوتوەكانی جیھان، لە ڕیزبەندی پێشەوەی زانكۆكانی جیھانە، بەتایبەت لە بواری ئەندازیاری، گوتیشی: “كردنەوەی ئەو زانكۆیە دەسكەوتێكی گەورەیە بۆ بواری خوێندنی باڵا لە كوردستان، چونكە بۆ یەكەمین جارە كە زانكۆیەك خاوەن ئەو ڕانكینگە بەرزە بێ لە ئاستی جیھان لقێكیان لە كوردستان بكەنەوە”.

عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، جەختی لەوەش كردەوە، كە پرۆپۆزەڵی كردنەوەی لقی ئەو زانكۆیە بە لێژنەی باڵای دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین و سەرجەم ڕێكار و ڕێنماییە یاسایی و كارگێڕییەكاندا تێپەر بووە.

Back to top button