پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیموكرات: ده‌رمانتان نارد بۆ كۆبانێ ده‌ستان خۆش، برینداره‌كانی ئێمه‌ش تیماركه‌ن

خواكوڕك

میدیاكانی نزیك له‌ یه‌كێتی، هه‌واڵی ناردنی 25 تۆن ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی له‌ كۆگاكانی وه‌زاره‌تی ته‌نردوستی بۆ كۆبانێ، له‌ رێگه‌ی لاهۆر تاڵه‌بانیه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، و پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیموكراتیش ده‌ڵێت، ئه‌ی بۆچی ناتوانن له‌ ماڵی خۆتان برینی ئێمه‌ تیمار بكه‌ن.

دوای ئه‌وه‌ی میدیاكانی نزیك له‌ یه‌كێتی رایانگه‌یاند كه‌ لاهور تاڵه‌بانی بڕی 25 تۆن ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی بۆ كۆبانێ ناردووه‌، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ خواكورك وتبووی، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هاریكاری خه‌ڵكی دیكه‌ی پارچه‌كانی كوردستان بكات، با به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی حكومه‌ت بیكات، نه‌وه‌ك بیخاته‌ ده‌ستی كه‌سێكی حیزبی و بۆ مزایه‌ده‌ی سیاسی به‌كاری بهێنێت.

ئه‌مرۆش پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیموكرات ئه‌وه‌ بیر یه‌كێتی ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا له‌ نه‌خۆشخانه‌ی قه‌ڵادزێ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیموكرات به‌ برینداری گه‌یانراون به‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئیداره‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌ رێگریان لێكراوه‌ و چاره‌سه‌رنه‌كراون.

ئه‌و پێشمه‌رگه‌ ده‌شڵێت، ده‌ستتان خۆش كه‌ ده‌رمان و پێداویستی بۆ خه‌ڵكی كورد له‌ دووری هه‌زاران كیلۆمه‌تر ده‌نێرن، به‌ڵام خۆ ئێمه‌ش كوردین و هاوسێتانین و له‌ناوتانین، ئه‌ی بۆچی برینداره‌كانمان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانتان وه‌ده‌رده‌نێن.

Back to top button