حكومه‌تی هه‌رێم بڕیارێكی نوێی ده‌كرد

 

(عەبدولحەمید مەجید) بەرێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگه‌یاند :”بڕیاری کەمکردنەوەی رسوومات لەم مانگەوە جێبەجێ دەکرێت و ئەو رسووماتانەی شارەوانی وەری دەگرێت کە بریتین لە رسوومانی پیشە و رێکلام و تابلۆ ھەڵواسین و شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەکان، لەو مانگەوە کەمکردنەوەکەیان دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە”.

کەمکردنەوەی رسووماتی شارەوانییەکان لەو شوێن و پیشە جۆراوجۆرانە بە جۆرێکە لەنێوان ١٠% بۆ ٥٠% و لە سەرەتای ئەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت.

هه‌روه‌ها به‌رێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگه‌یاند :” رێژەیەکی باشی رسووماتەکان کەم کراونەتەوە، بە جۆرێک بگونجێت لەگەڵ دۆخی ئێستای ھاووڵاتییان”.

وتیشی: رسووماتی تابلۆ و خۆڵ و خاشاکی نۆرینگە پزیشکییەکان و کرێی ناوچە پیشەسازییەکان و تابلۆی دوکان و شوێنە بازرگانییەکان و ھەموو جۆرە تابلۆکانی کارکردن دەگرێتەوە، کە پێشووتر گلەیی زۆری لەبارەوە دەکرا.

روونیشی کردەوە، تا ئێستا وەرگرتنی پارە لەبری کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە ماڵان نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە و ئەو کارە سپێردراوە بە شارەوانییەکان.

ئەو رسووماتانەی کەم کراونەتەوە زیاتر لە ٦٠ شوێن و پیشەی جۆراوجۆری تێدایە، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ بەفەرمی کرێ و رەسمی ھوتێل و مۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان لەنێوان ٢٥% بۆ ٥٠% کەم کراوەتەوە، بۆ نموونە ھەندێک شوێن لە ٣ ملیۆن دیناری ساڵانە بووەتە ٢ ملیۆن دینار.

لای خۆشیه‌وه‌ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند:”لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیار درا رسووماتەکان کەم بکرێنەوە، بڕیارەکەش کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، دوووپاتیشی کردەوە، بەشێوەیەکی گشتی، رسووماتەکان کەم دەکرێنەوە و ھەندێ لەو رسووماتانە تا ئاستی ٥٠% کەم کراونەتەوە.

روونیشی کردەوە، باجی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکان، رسووماتی فڕێدانی زبڵ و خاشاک و ھەڵواسینی تابلۆ پێداچوونەوەیان پێدا کراوە، ھەندێک رسووماتی تریش پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.

ئاشکراشی کرد، داوایان لە وەزارەتی داد کردووە پێداچوونەوە بە رسووماتی تاپۆکردن و گواستنەوەی موڵکداریی زەوی و خانووبەرەشدا بکات.

هاوكات سامان بڵباس، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر رایگەیاندوه‌، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پێداچوونەوە بە رسووماتەکانی شارەوانیدا کراوە و بڕیارەکە لەو مانگەوە جێبەجێ دەکرێت.

Back to top button