مونا قه‌هوه‌چی هێرشیكی توند ده‌كاته‌ سه‌ر ئایدن مه‌عروف له‌ باره‌ی عفرینه‌وه‌

مونا قه‌هوه‌چی ، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی چاكسازی توركمان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ باره‌ی لیدوانه‌كانی ئایدن مه‌عروف له‌ باره‌ی عفرینه‌وه‌ رایده‌گه‌ێنێت.” كه‌ ئایدن مه‌عروف بۆی نییه‌ به‌ ناوی توركمانه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ پشتگیری له‌ په‌لاماره‌كانی له‌شكركێشی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین بكات.”

مونا قه‌هوه‌چی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی چاكسازی توركمانی، له‌ باره‌ی گوته‌كانی ئایدن مه‌عروف ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ره‌ی توركمانی، له‌ باره‌ی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عفرین رایگه‌یاندوه‌.” كه‌ ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌ پێكه‌وه‌ ژیانه‌ و باوه‌رمان به‌ شه‌ر نییه‌ ، هیچ حیزب و لایه‌نێكی توركمانی بۆی نییه‌ بڵێت ئێمه‌ی توركمانه‌كان له‌گه‌ڵ شه‌رداین.

قه‌هوه‌چی زیاتر گوتویه‌تی.” كه‌ ئه‌و له‌شكركێشیه‌ی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین، هه‌ر بۆیه‌ لایه‌نگیری هیچ لایه‌نێك ناكه‌ین، ئه‌گه‌ر هاتبا ئه‌و له‌شكركێشیه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم بوایه‌ ئه‌وكات هه‌ڵوێستی خۆمانمان ده‌بوو، ئێمه‌ی توركمانه‌كان هیچ كاتێ نابینه‌ له‌مپه‌ر بۆ قوڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كان، ته‌نیا داوای ئاشتی بۆ هه‌موان ده‌كه‌ین.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی چاكسازی توركمانی ئه‌وه‌شی گوتووه‌.” كه‌ به‌ داخه‌وه‌ بۆ ئایدن مه‌عروف كه‌ پشتگیری له‌شكركێشی توركیا ده‌كات، ئێمه‌ 4 فراكسێونی توركمانیمان هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی كورستان ده‌بوایه‌ بێت و راوێژ بكات له‌گه‌ڵمان چونكه‌ ئێمه‌ ئه‌و 4 فراكسیۆنه‌ نوێنه‌ری كۆی توركمانه‌كانی هه‌رێمین، ئه‌و بۆی نییه‌ به‌ ناوی ئێمه‌وه‌ قسه‌یه‌كی ئاوا بكات ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و ته‌نیاو ته‌نیا قسه‌ی پارتی به‌ره‌ی توركمانییه‌و هیچی تر.

مونا قه‌هوه‌چی هه‌روه‌ها گوتیشی: له‌و ئان و ساته‌ هه‌ستیاره‌دا ئێمه‌ نابین به‌ پاشكۆ یان لایه‌نگیری هیچ كه‌س و لایه‌ن و وڵاتێكی ئیقلیمی دراوسێ بۆ ده‌ستدرێژی كردن و له‌شكركێشی بۆ سه‌ر هه‌ر ناوچه‌یه‌ك جا عه‌فرین بێت یا هه‌ر كوێیه‌كی تری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، بۆیه‌ داوا له‌ ئایدن مه‌عروف ده‌كه‌م چیتر به‌ ناوی توركمانه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ لێدوان نه‌دات، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ لێدوانه‌كانی رای شه‌خسی حیزبه‌كه‌ی ئه‌ون و پێویسته‌ كاك ئایدن بیرو رای حیزبه‌كه‌ی خۆی نه‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر توركمانه‌كانی هه‌رێم، چونكه‌ ئێمه‌ی توركمانه‌كان ئاشتی خوازین و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئاشتی و ئارامی و ته‌بایین بۆ هه‌مووان.

ئه‌وه‌ی شیاوی باسه‌.” ئایدن مه‌عروف له‌ لێدوانێكدا راگه‌یاندبوو.” كه‌ ئێمه‌ وه‌كو توركمانه‌كانی كوردستان پشتگیری له‌و له‌شكركێشیه‌یی توركیا بۆ سه‌ر عفرین ده‌كه‌ین.

Back to top button