وەفدێکی عیراق گەیشتنە سلێمانی و بڕیار لەسەر دوو مەرز دەدرێت

 

لیژنەیەکی باڵای عیراق تایبەت بەدەروازە سنوریەکان گەیشتە سلێمانی و لەبەڕێوەچونی کاری دەروازەکان دەکۆڵێتەوە، سەرۆکی ئەو لیژنەیەش چەند زانیاریەک لەبارەی دوو مەرزی سنوری سلێمانیەوە ئاشکرادەکات.
ئەمڕۆ 24ی 1ی 2018 وەفدێکی باڵای عیراق گەیشتە سنوری پارێزگای سلێمانی و سەردانی دەروازەی سەیران بەنی کرد لەسنوری قەزای پێنجوێن.

لەوبارەیەوە (شاکر عەباس علێوی) بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی پلاندانان لەدەستەی دەوازە سنوریەکانی عیراق ڕاگەیاند:” لیژنەکەمان پێکھاتوە لەنوێنەری ئەو وەزارەتانەی کە لەدەروازەکاندا کاردەکەن ئەوانیش (دارایی، دەرەوە، ناوخۆو کشتوکاڵ) ئامانجیش چاودێریکردن و بەڕێوەچونی کاری ھەریەک لەمەرزەکانی کێلێ و سەیران بەنە”.

هه‌روه‌ها وتیشی:”ئامانجێکی دیکەی سەردانەکە ئەوەیە لێکۆڵینەوە لەم دوو مەرزە دەکەین و زانیاری لەسەر کۆدەکەینەوە کە ئاخۆ ئەم مەرزانە دەشێت بکرێن بەدەروازەی فەرمی یاخود نا”.

جەختیشیکردەوە، “لیژنەکەیان تاووتوێی ژێرخانی ئابوری ئەو دوو مەرزەو ئەو زانیاریانەش دەکات کە لێرە کۆی دەکەینەوە دواتر بڕیاری لەسەردەدەین کە بکرێن بەفەرمی یاخود نا”.

ئەو بەرپرسە باڵایەی عیراق ئەوەشی ئاشکراکرد، “لیژنەکەمان بەسەر سەرجەم بەشەکانی مەرزەکەدا بەگوێرەی پسپۆڕیی و ئەو بەشانەی کە سەر بەوەزارەتەکانن بڵاوەیان پێکراوەو ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر بەشەکان دەنوسن و ڕادەستی حکومەتی عیراقی دەکەن”.

Back to top button