نێوانی عومەری سەید عەلی و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا تێكدەچێت
دوای ئەوەی لەسەر داوای كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بەر پرسی میدیای گۆڕان لە كارەكەی دوورخرایەوە, دوای كەمتر لە مانگێك لە دیاریكردنی بەرپرسێكی نوێ بۆ میدیای گۆڕان (عەبدولڕەزاق شەریف) بەرپرسی پێشوو گەڕایەوەسەر كارەكەی، ئەوەش بە بڕیاری (عومەر سەید) عەلی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان.
ئەو گۆڕانكارییە لە كاتێكدایە 28-12-2017 هەر بە بڕیاری (عومەر سەید عەلی) د.ئاكۆ حەمەكەریم لە شوێنی (عەبدولڕەزاق شەریف) وەك بەرپرسی میدیای گۆڕان دانرا، پەرەگراف ئاشكرایدەكات لابردنی عەبدولڕەزاق شەریف نیگەرانیی دروست كردووەو پێچەوانەی دەستووری ناوخۆیی گۆڕان بووە.
گۆڕانكاریی لە میدیای گۆڕانو خاوەندارێتیی میدیاكە یەكێكە لەو پرسانەی لەناو گۆڕاندا زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، هەریەكە لە (نماو چیا) كوڕەكانی (نەوشیروان مستەفا) چاویان لەسەر ئەوەیە میدیاكە بخەنەژێر ڕكێفی خۆیانەوە بۆئەوەش كاریان بۆئەوە دەكرد بخرێتەسەر كۆمپانیای وشە كە بەناوی خۆیانەوەیە، دانانی ئاكۆ حەمەكەریم وەك بەرپرسی میدیای گۆڕان كە كەسێكی نزیكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایە ناڕەزایی لەناو بزووتنەوەكەدا دروست كردبوو.