ته‌واوی زانیاریه‌كان له‌باره‌ی دیداره‌كانی نێچیرڤان بارزانی له‌كۆڕبه‌ندی ئابووری داڤۆس

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 23/1/2018، به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی باڵای هه‌رێم، كه‌ له‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، د. ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و د. ئامانج ڕه‌حیم سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتبوو، گه‌یشته‌ شارۆچكه‌ی داڤۆس له‌ سویسرا.

 

ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ نێچیرڤان بارزانى، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك، سه‌رۆكوه‌زیران، پاشا، سه‌ركرده‌كانى جیهان و میوانانى باڵاى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له‌ داڤۆس، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى پێشوازى و خوانێكى ئێواره‌ كرد، كه‌ له‌لایه‌ن كڵاوس شواب دامه‌زرێنه‌رى كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان و خاتوو هیلدێ شوابى هاوسه‌رییه‌وه‌ ڕێكخرابوو‌.

له‌ میانی هه‌رسێ ڕۆژی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ خاوه‌نشکۆ شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م ـ شای شانشینی ئوردنیى هاشمی، كارن كاراپێتیان سه‌رۆكوه‌زیرانى ئه‌رمینیا، حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق، جێفرى فێلتمان جێگرى سكرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سیاسى، ڕا‌شد ئه‌لغه‌ننووشی بیرمه‌ند و سیاسه‌تمه‌دار و كه‌سایه‌تیى دیار و سه‌رۆكى پارتى نه‌هزه‌ى توونسى، خاتوو ئیزابێل لۆڤین جێگرى سه‌رۆكوه‌زیرانى سوێد، ژۆن ئیڤ لۆدریان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا، ڕیكس تیله‌رسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، خێرا بۆرژوا سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی فلانده‌رزی به‌لجیکا، مارك ڕۆته‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هۆڵه‌ندا، خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا، کێنتۆرا سۆنوورا ڕاوێژکاری سه‌رۆکوه‌زیرانی ژاپۆن ـ سه‌رۆکی شاندی ژاپۆن بۆ كۆڕبه‌ندی داڤۆس و ژماره‌یه‌ك له‌ سیاسه‌تمه‌دار و خاوه‌نكار و كۆمپانیا و كه‌سایه‌تى و چالاكوانانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى، چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ و دیداری ئه‌نجام دا‌.

له‌ كۆبوونه‌وه و دیداره‌كاندا، نێچیرڤان بارزانى پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى گفتوگۆكانی هه‌ولێر و به‌غدا‌ پێشكه‌ش كرد و تیشكى خسته‌ سه‌ر دواسه‌ردانیان بۆ به‌غدا و، دیداریان له‌گه‌ڵ  سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و كاری لێژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوولاى به‌ سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ و چاره‌كردنی كێشه‌كان زانی، دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ بۆ گفتوگۆ و چاره‌كردنى كێشه‌كان به‌پێی ده‌ستووری عێراق. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى خسته‌ ڕوو كه‌ هه‌نگاوه‌كان ئه‌رێنى و باشن، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌نجامى كرده‌ییان لێ بكه‌وێته‌وه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش بڕیارى سیاسى پێویسته. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ پشتگیریى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ سه‌رخستنى دیالۆگ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غداى به‌ پێویست زانی.

له‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌كاندا مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵوێستى ئاشتیانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بۆ چۆنیه‌تیى چاره‌كردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ، مایه‌ى ڕێز و پێزانین و پشتگیریى هاوبه‌شان و دۆستانى هه‌رێمى كوردستان بوو، هه‌روه‌ها هه‌رێمى كوردستان مایه‌ى باوه‌ڕى كۆمپانیاكان و خاوه‌نكارن و پیاوانى كار بوو، بۆ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى و ده‌رفه‌تى كار و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و ئابوورى بۆ ئێستا و داهاتوو.

په‌ره‌پێدانی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، ڕه‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان، یارمه‌تی و هاوكاریی كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمی كوردستان و، خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌شداریكردن و سوودمه‌ندبوون له‌ كۆنفرانسى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ كوێت ببه‌سترێت، تاووتوكردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى و دۆخى عێراق و هه‌ڵبژادنه‌كانى داهاتوو به‌تایبه‌تى، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى نێچیرڤان بارزانى بوون له‌ میانى به‌شداریكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهاندا له‌ داڤۆس.

 

س:ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی

Back to top button