دواى سێ جار لە دواخستنی كۆبوونەوە, كۆبوونەوەی سەركردایەتی بۆ كاتێكی نادیار دواخرایەوە
لەگەڵ ئەوەی بۆ جاری سێ یەممە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی دوابخرێت, وا بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە 27/1/2018، جارێكی دیكە ئەنجومەنی سەركردایەتیی ئەو حزبە كۆبێتەوە و بڕیاری یەكلاكەرەوە لەسەر بەستنی كۆنگرە و بەشداریكردنی ئەو حزبە لە ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و عێراق بدات، بەڵام كۆبوونەوەكە دواخرا.
خواكوڕك لە سەرچاوەیەكی نێو سەركردایەتی یەكێتی زانیویەتی: ”بڕیار بوو ئەمڕۆ كاتژمێر 10ی بەیانی، ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبێتەوە و بڕیاری كۆتایی لەسەر بەستنی كۆنگرە و ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و عێراق بدات، بەڵام بەھۆی ڕێكنەكەوتنی بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی، كۆبوونەوەكە بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ دواخرا, دوای ئەوەی ئێوارە بەشێكی زۆری ئەندامان ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوون كۆبوونەوە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
ئەو سەركردەیەی یەكێتی، ئەوەشی خستە روو كە دواخستنی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، یەكێتی بەھۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە ناتوانێ ھیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدات.
ئاشكراشی كرد: ”بەشێكی زۆری سەركردەكانی یەكێتی داوای بەستنی كۆنگرە دەكەن، بێگومان تائێستاش ھەمووان ڕازین بەوەی كە یەكێتی لەسەرەتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ كۆنگرە بەستێت، بەڵام ئەگەر ھەوڵێك بۆ دواخستنی كۆنگرە بدرێت، ئەوا ئەندامانی سەركردایەتی، ئاگاداری دواخستنی كۆنگرە نین“.
شایەنی باسە, گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بەهۆی شكستهێنانی هەوڵەكانی بۆ پەراوێزخستنی سەركردە سەربەخۆخوازەكانی نێو یەكێتی، بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجامدانی كۆنگرەی یەكێتی دروست بكات.