داعش لە ئێران سەری هەڵدا لە یەكەم كردەیاندا 3 پاسداریان كوشت
دوای ئەوەی ئاسایشی یەكێتی لە سنوری هەلەبجە دۆزینەوەی خەشارگەیەكی چەك و تەقەمەنیان راگەیاند كە گوماندەكرا حەشارگەكە هی چەكدارانی داعش بێت كە لە چیاكانی نزیك سنوری رۆژهەڵاتی كوردستان بوو ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران جەخت لەسەر كوژرانی 3 لە ئەندامانی دەكاتەوە، كە لەئەنجامی هێرشێكی داعش بۆ سەر بارەگای نەجەف ئەشرەفی سەر بە هێزە پیادەكان لە رۆئاوای ئەو وڵاتە كوژراون.
لەلێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا، محەمەد باكبور فەرماندەی هێزە پیادەكان لە سوپای پاسداران وردەكاری ئەو شەڕەی خستە روو و، وێڕای پشتڕاستكردنەوەی كوژرانی 3 پاسداری ئەو بارەگایە، جەختیشی لەسەر دەستگیركردنی 16 چەكداری داعش كردەوە، كە هێرشیان كردبووە سەر هێزەكانیان.
باكبور گوتی: “دوو چەكداری داعش رایانكردووە، بەڵام ئێستا لەلایەن هێزەكانی بارەگای نەجەف ئەشرەفەوە گەمارۆ دراون”.
هەر سەبارەت بەم بابەتە، ئێوارەی ئەمڕۆ، پەیوەندییە گشتیەكانی بارەگای نەجەف ئەشرەفی هێزە پیادەكانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، شەڕێكی سەخت لەنێوان گروپێكی چەكدارانی داعش و هێزەكانیان لەسەر سنووری عێراق روویدا.
بەگوێرەی بەیاننامەكە كە لە ئاژانسی ئێرنا بڵاوكرایەوه، گروپێكی چەكدارانی داعش كە لە 21 چەكدار پێكهاتبوون، لەعێراقەوە دزەیان كردۆتە ناو خاكی ئێران و، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرشیان كردۆتە سەر ئەو بارەگایەی هێزە پیادەكانی سوپای پاسداران.
هەروەها ئێرنا نووسیبووی، زۆربەی چەكدارە هێرشبەرەكان لەلایەن هێزەكانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیركراون، بەڵام بەشێك لەو چەكدارانە خۆیان بەدەستەوە نەداوە.