ڕێباز حەملان: پڕۆژەی چاكسازیی كاریگەری لەسەر مووچە و باشتركردنی ژیانی مووچەخۆران دەبێت
دوای ئەوەی حكومەت پرۆژەیەكی چاكسازی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانكرد, بۆ وەرگرتنی وردەكاری زیاتر و ئاگاداربوون لە شێوازی چاكسازی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد و لە كۆبوونەوەیەك باس لە هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و وەزارەتی دارایی و ئابووری و پڕۆژەی چاكسازی خانەنشین و پاشكەوتی مووچە، كرا.
بەپێی ڕاگەیاندراوێك، ئەمڕۆ یەك شەممە 28/ 1/ 2018، جەعفەر ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان كوردستان و بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان بە سەرۆكایەتی شاندێك سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمیان كرد و لەلایەن رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری و رابەر سدیق، بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بە وەكالەت، پێشوازییان لێكرا.
لای خۆیەوە، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی لەو جۆرەی بەگرنگ زانی و پێشی وابوو كە گرنگە هەماهەنگی لەنێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن هەبێت، بۆ ئەوەی بە هەموان كار بكەن بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە دارایە.
وەزیری دارایی و ئابووری، گوتیشی: “ئەو پڕۆژە چاكسازیەی ئاراستەی پەرلەمان كراوە یەكسانی كۆمەڵایەتی دروست دەكات و بڕە پارەیەكی باشیش بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێنێتەوە، بەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر دابەشكردنی مووچە و باشتركردنی ژیانی مووچەخۆران”.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە باس لە پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە نێوانیان دروست بووە، بۆ ئەمەش وەزیری دارایی و ئابووری گوتی: “لە كۆبوونەوەكانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەرێم و لیژنە هاوبەشەكان لێكتێگەیشتن وبەرەو پێشچوون هەبووە”.