پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی هێزه‌كانی ئاسایش گۆڕانكاری تێدا ده‌كرێت
به‌دواداچون بۆ موچه‌ی هێزه‌كانی ئاسایش ده‌كرێت و هه‌وڵده‌درێت ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ی له‌موچه‌كانیان كراوه كه‌مبكرێته‌وه، لیژنه‌ی ئاسایش و ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانیش زانیاریی له‌وباره‌یه‌وه ئاشكراده‌كات و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ش به‌ڵێنێكی ده‌زگای گشتیی ئاسایش به‌هێزه‌كانی ئاسایش ڕاده‌گه‌یه‌نێت.
(ئه‌یوب عه‌بدوڵڵا) سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و ناوخۆ له‌په‌رله‌مانی كوردستان ڕِایگهیاند: “به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچون بۆ گرفتی موچه‌ی هێزه‌كانی ئاسایش به‌تایبه‌ت كه پاشه‌كه‌وت له‌سه‌ر موچهكیان به‌شێوه‌یه‌كی نایه‌كسانی كراوه، كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌زگای گشتیی ئاسایش له‌هه‌ولێر ئه‌نجامداو داوامان لێ‌كردن ئه‌گه‌ر پاشه‌كه‌وتی موچه‌ش په‌یڕه‌وده‌كرێت عه‌داله‌تی تێدابێت”.
وتیشی:”ناكرێت ئهمینێكی ئاسایش 34% له‌سه‌ر موچه‌كه‌ی په‌یڕه‌وده‌كرێت و كه‌سێكیش پله‌ی لیوای هه‌بێت له‌ئاسایشدا به‌هه‌مان ئه‌و بڕه پاشه‌كه‌وتی لێبكرێت، هه‌روه‌ها ئهمینێكی ئاسایش مانگی پێشوو له‌كۆی یه‌ك ملیۆن و 100 هه‌زار دینار نزیكه‌ی 400 هه‌زار پاشه‌كه‌وت له‌سه‌ر موچه‌كه‌ی كراوه، بۆیه داوامانكردوه پێداچونه‌وه به‌و ڕێژه‌ی پاشكه‌وته بكرێت”.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و ناوخۆی په‌رله‌مان ڕونیشكرده‌وه، “داوامانكردوه ئه‌و ڕێژه‌ی پاشه‌كه‌وته به‌گوێره‌ی پله‌كان په‌یڕه‌وبكرێت به‌شێوازێك كارمه‌ندێكی ئاسایش كه هیچ پله‌یه‌كی نییه 15% له‌سه‌ر موچه‌ی په‌یڕه‌وبكرێت و ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی پێشتر دانراوه گۆڕانكاریی تێدابكرێت و دواتر به‌گوێره‌ی پله‌كه‌ی ڕێژه‌ی پاشه‌كه‌وت له‌سه‌ر موچه‌كانیان زیادبكرێت”.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامی ئاسایشی گشتیی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و داواكاریانه‌دا، ئه‌یوب عه‌بدوڵڵا وتی:”له‌لایه‌ن ده‌زگای گشتیی ئاسایشه‌وه پێمانڕاگه‌یه‌نرا كه كارمه‌ندی پله‌دار له‌هێزه‌كانی ئاسایش‌دا كه‌مه، بۆیه ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئاسایش و نهسریهكانیان ته‌رخانكراوه سیستمی پاشه‌كه‌وت به‌ڕێژه‌ی 34% په‌یڕه‌وكراوه”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره هێزه‌كانی ئاسایشی دڵنیاكرده‌وه كه به‌ڵێنیان پێدراوه، هه‌وڵبدرێت گۆڕانكاریی له‌و ڕێژه‌ی پاشهكهوتهدا بكرێت و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت كۆبونه‌وه ئه‌نجامبده‌ن به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ی موچه‌ی هێزه‌كانی ئاسایش.