دیندار دۆسكی: منیش وەك بارزانی دەڵێم كەركووك داگیر كراوە

دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی لە دیدارێكی لەگەڵ كەناڵی (BBC) ئینگلیزی رایگەیاند كە كەركووك داگیركراوە, سیاسەتمەدار و یەكێك لە دامەزرێنەرانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد، حكوومەتی عێراقی ھەمیشە دوژمنی نەتەوەی كورد بووە. جەختی لەوەش كردەوە ”نەتەوەی كورد بۆ ئەوە ڕیفراندۆمی كردووە، كیانێكی سەربەخۆی ھەبێت”.
دیندار دۆسكی لە لێدوانێكیدا لە لێدوانێكی میدیای رایگەیاند: “ھیچ كاتێك لە ڕیفراندۆم پەشیمان نیم و ئەگەر سبەینێش ڕیفراندۆم بكرێتەوە، بە گڕوتینێكی بەھێزەوە جارێكی دیكە دەنگ بە سەربەخۆیی وڵاتەكەم دەدەم، چونكە كێشەی وڵاتەكەی خومانە و بیر لە سەربەخۆیی دەكەینەوە، بەڵام حكوومەتی عێراقی ڕیفراندۆمی كردووە بە كارتێكی فشار دژی میللەتی كورد لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێ لە نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بەغدا دانوستان بكرێت، بۆ ئەوەی كێشەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بكرێت”.
دیندار دۆسكی، ئاماژەی بەوەش دا: “مەسعوود بارزانی، سەركردەیەكی دیاری گەلی كوردە و بێگومان كاتێك بارزانی باسی بارودۆخی كەركووك و ناوچە جێ ناكۆكەكان دەكات، منیش دەڵێم، كەركووك بەم بارودۆخەی ئێستایەوە داگیر كراوە، چونكە سوپای عێراق كەركووكی كردووە بە سەربازگە و بە سوپایەكی فراوان و بە چەكی قورسەوە شارەكەی داگیر كردووە، ھەروەھا ھاووڵاتییانی شارەكە ئاوارە و دەربەدەر بوون، بۆیە ھەموو ئەو كارانەی حكوومەتی عێراقی، دژی دەستووری عێراقن”
دیندار دۆسكی، باسی لەوەش كرد، حەیدەر عەبادی دژایەتیی نەتەوەی كورد دەكات، تەنیا لەبەر ئەوەی ئێمە داوای مافی ڕەوای خۆمان كردووە كە ئەویش پرسی ڕیفراندۆم و خەونی دەوڵەتی كوردستان بووە، لەگەڵ ئەوەشدا عەبادی بۆیە دژایەتیی كورد دەكات، بۆ ئەوەی شەقامی بەغدا لەخۆی ڕازی بكات، تاكوو لە ھەڵبژاردنەكاندا بتوانێ دەنگی پێویست بەدەست بھێنێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئێمە پێگەی خۆمان بەھێز بكەین، باشتر وایە ھەموو لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا یەك ھەڵوێست بن”.
لە دوایین چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ كەناڵی (BBC)، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوەی لە كەركووك ڕووی دا، ئەنجامی خیانەتی تاقمێكی دیاریكراو بوو. جەختیشی لەوە كردەوە كە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ئێستا ناوچەی داگیركراون.

Back to top button