رۆژئاوای كوردستان و خەونی كۆریدۆری كوردی!
شـــــوان تاڤینگ
رۆژئاوای كوردستان کە دەکەوێتە سەر درێژایی سنوورەکانی باشووری تورکیا، لە سێ هەرێمی خۆبەڕێوەبەر، یان سێ کانتۆن پێکهاتووە کە کوردەکانی سوریا “پەیەدە، یەپەگە و یەپەژە” بەڕێوەی دەبەن؛ جزیرە، کۆبانی، عەفرین. لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا و کاتێک هێزەکانی کورد شاری گرێ سپییان لە داعش پاک کردەوە. کاتێک یەکێک لە شادەمارە گرینگەکانی بەخێوکردن و پڕچەککردنی داعش لە شاری رەققا گیرا و هەر دوو کانتۆنی جزیرە و کۆبانیی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە، بە یەک لکانەوە. هێزە بەرخۆدانڤانەکانی کورد دوای کۆبانی، بە گرتنەوەی گرێ سپی لە رێکخراوی داعش، هەم خۆیان بەهێز کردەوە و هەم زەبرێکی گورچووبڕیان لە داعش دا کە پشتی بە دەروازەی سنووری ئاکچەقەڵا گەرم بوو. گرێ سپی، یەکەم خاڵی نێوان شاری رەققای ناوەندی خەلافەتی داعش و تورکیا بۆ پشتیوانیی لۆجستیکی بوو.
کاتێک داعش شاری گرێ سپی و دەوروبەری داگیرکرد، پەیوەندی نێوان کۆبانی و جزیرە پچڕابوو. ئێستا ئەو دابڕانە نەماوە و هەر دوو کانتۆنەکە پێک بەستراونەتەوە. بەمجۆرە ناوچەیەک بە درێژایی ٦٠٠-٧٠٠ کیلۆمەتر لەسەر سنووری تورکیا کەوتۆتە ژێر رکێفی کوردەوە. دواتر كوردان لە چوارچێوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات زیاتر خۆیان رێكخست و وردە وردە لە پێشڕەوییەكانیان بەردەوام تاوەكو توانیان بپەڕنەوە ئەوبەری ئاوەكانی فوڕات، بەمشێوەیە هەریەك لە ناوچەكانی بەنداوی تشرین و شاری مەنبەج-یان لە داعش پاككرەوە و ئینجا نۆرەی بنكۆڵكردنی داعش لە ناوچەكانی جەرابلوس و عەزاز هات بۆ ئەوەی هەردوو كانتۆنی كۆبانی و عەفرین بە تەواوی یەكبگرنەوە. بەڵام لە سیناریۆیەكی تاڕادەیەك پێشبینیكراودا هێزەكانی سوپاتی توركیا بە هاوكاری تانكەكانی سوپای توركیا لە “شەو و رۆژێكدا” دەستیان بەسەر جەرابلوس داگرت و سنوورێكیان بۆ پێشڕەوییەكانی كوردان لە رۆژئاوا دانا.
ئەگەرچی ئێستاش شەڕ و پێکدادان لەگەڵ داعش لە مەودای نێوان کۆبانی و عەفریندا بەردەوامە. ئەگەر ئەم کۆریدۆرە لە داعش پاک بکرێتەوە، کانتۆنەکانی کۆبانی و عەفرینیش بە یەک دەگەنەوە و لە ئاکامیشدا کوردەکان بە درێژایی ٩١١ کیلۆمەتر سنووری سوریایان بە دەستەوە دەبێت. بەڵام بە ورد بوونەوەی لە لێدوانەكانی كاربەدەستانی توركیا و ئەمریكا ریالیزەكردنی ئەو خەونە ئاستەم دەنوێنێت! توركیا رژدە لەسەر ئەوەی بە یەكجاری خەونی “كۆریدۆری كوردی” لە باكووری سوریا لە بارببات.
هێزە کوردییەکانی سەر بە یەپەگە دەڵێن ئامانجی سەرەکییان گرتنی شاری رەققایە. دیارە ئەگەر پشتیوانیی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەبێت، ئەو شارە بە ئامانج ناگرن. بەڵام کاتێک بابەتەکە رێکخراوێکی جیهادیی نێودەوڵەتی وەک داعش بێت، کورد ئەو بەختەیان هەیە لە خۆرهەڵات (دەوڵەتە ئیسلامییەکان) و خۆرئاواوە هاوکاری بکرێن. ئەو خاڵەش کە تورکیا بۆی قووت نادرێ و چاوی پێی هەڵنایە، ئەمەیە.
لەکاتێکدا سەرکەوتنەکانی یەپەگە و یەپەژە لە رۆژئاوای كوردستان، بەتایبەتی لە شارەكانی كۆبانی، تەلئەبیەز (گرێ سپی)، عەین عیسا (بۆزانی)، حەسەكە، شەدادی، بەنداوی تشرین و مەنبەج دەنگدانەوەیەکی زۆری لە جیهاندا هەبوو، سوپای توركیا، کاز و کووزی بەیانی دزەی کردە ناو شاری جەرابلوس و هێرشێکی ئەنجامدا. ئەم هێرشە لەکاتێکدا ئەنجام درا کە بەرەبەرە خەریکە کۆتایی بە ئەفسانەی تۆقێنەری و خوێنخۆریی داعش دێت و چەکدارانی ئەو رێکخراوە دەستیان کردووە بە گواستنەوەی ژن و منداڵەکانیان لە شاری عەزازەوە بۆ ناوچەکانی دیکە.
كوریدۆری كوردی
پەیەدە جاران بە سەر هەرێمی جزیرەی سوریادا باڵادەست بوو کە سەرێکی دەگاتەوە سنووری باشووری كوردستان. دواتر دەستی بە سەر هەریەك لە کۆبانی و گرێ سپی و مەنبەجیشدا گرت. گرتنی مەنبەج کە دەکەوتە نێوان هەر دوو هەرێمی كۆبانی و عەفرین، خەوی لە چاوی دەسەڵاتدارانی توركیا زڕاند. خەریك بوو هێزەكانی سوریای دیموكرات لەهەردوو دیوی مەنبەج و عەفرین هێرش بۆ گرتنەوەی جەرابلوس و عەزاز بكەن، بەڵام بەهۆی توركیاوە ئەو سیناریۆیە شكستی هێنا.
ئەگەر هەرێمی جەرابلۆسیش کە ٩٠ کیلۆمەتری نێوان کۆبانی و عەفرین لەخۆدەگرێت بکەوتایە دەست پەیەدەوە، ئەوسا سەرتاسەری سنووری تورکیا تا دەگاتەوە سەر سنووری شاری هاتای، لە ژێر دەسەڵاتی پەیەدەدا دەبوو. بەم شێوەیە قەوارەیەكی دیكەی كوردی لە باشووری ئەنادۆڵیا دروست دەبوو، كە دەبووە دراوسێی دیوار بە دیواری توركیا. ئەوسا كردنەوەی دەرچەیەك بۆ سەر دەریای سپی ناوەڕاست بۆ قەوارە كوردییە تاڕادەیەك ئاسان دەبوو.
ئامانجی قەندیل – پەیەدە بۆ گەیاندنی ئەم کۆریدۆرە بە دەریای سپی، نیگەرانییەکی زۆری لای تورکیا دروستکرد. بۆیە سوپای توركیا بە هاوكاری هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا لە چوارچێوەی سوپای ئازاد هەر زوو پەلاماری جەرابلوسی دا و نەخشەكەی پەیەدە-ی تاڕادەیەك تارومار كرد! ئهوهش له كاتێكدایه ئهنجومهنی ئاسایشی نیشتیمانی توركیا، پێشتر هۆشداری دابووە یهپهگه كه ئهگهر ئاوی رووباری فورات تێپهڕێنن و بچنه ناو جهرابلوس ئهوا توركیا بهتوندترین شێوه وهڵامیان دهداتهوه و ههرێمی نێوان كۆبانی و عهفرین وهك هێڵی سووری توركیا ناوبردبوو. بۆیە ئێستا لە ئەنقەرە مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکرێت کە بە درێژایی ئەو ناوچە ٩٠ کیلۆمەترییە و بە قووڵایی ١٠ کیلۆمەتر، ناوچەیەکی پارێزراو دروست بکرێت تاوەكو خەونی كوریدۆری كوردی بە یەكجارى لەبارببرێت!