کێ لەخەمى نیشتمان و هاوڵاتییانە و کێ لەخەمى گیرفانى خۆیانە
سامان ڕەشید
لەدواى بڕینى بودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن عێراقەوە بە پێشنیارى چەند کوردێکى بەرپرس،ئێمە وەک کۆمەڵێک لە هاوڵاتییانى شارى کەرکوک لە ٢٦ى شوباتى ٢٠١٤، لەخۆپیشاندانێکدا داوامان لە (حکومەت و بەرلەمانى هەرێمى کوردستان)کرد کە هەوڵى ڕاگرتنى نەوتى کەرکوک بدەن.ئەو خۆپیشاندانەمان لە هەستکردن بەو زولم وستەمەى کە دەرهەق بەهەرێمى کوردستان دەکرێت لەلایەن بەغداوە بەتایبەتیش بڕینى قووتى هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستان، ئەنجامماندا.ئێمە لەسۆنگەى هەست کردن بەو بارگرانییەى کە کەوتووەتە سەر شانى کوردستانیان لەهەرێمى کوردستان و شارى کەرکوک،چونکە زیاتر لە (٣٥٠٠٠) مووچەخۆرى کورد لەدواى ساڵى ٢٠٠٣وە ، حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بۆ شارى کەرکوک دایمەزراندن و مووچەیان لەسەر هەرێمى کوردستانە وەک (مامۆستا و ئاسیش و فەرمانبەر و خانەنشین و کەس وکارى ئەنفال وشەهیدان).هەروەها هەناردەکردنى نەوتى ئەم شارە کەنەوتى کوردستانە و لەلایەن بەغداوە هەناردە دەکرا بە داگیرکردن وبە دزى وبەزۆر بردنى، سەروەت وسامانى کوردستانمان دەزانى.ئێمە پێمان وابوو و ئیستاش هەمان بیرکردنەوەمان هەیە کە نەوتى کەرکوک بەشێکە لەکۆى سامانى سروشتى کوردستانیان، پێمان وایە ئەم سامانە دەبێت بۆ کوردستانیان بێت، پیمان وایە ئەم سامانە دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان بەڕێوەى بەرێت و داهاتەکەى بۆ بژێوى کوردستانیان وگەشەى ئابوورى هەرێمى کوردستان تەرخان بکرێت پیمان وایە ئەم سامانە سامانى هەموو کوردستانیانە جا لەهەر قوژبنێکى کوردستان بێت یان لەهەر شار و شاروچکە و گوندێک بێت پێمان وایە نەوتى و گازى کەرکوک بەشێکە لە سامانى سروشتى کوردستان و موڵکى شارێک و گروپێک و کەسانێک نییە بەتەنها،بەڵکو سامانى هەموو کوردستانیانە.
بەداخەوە ئەو کات هەندێک لە حزبە سیاسییەکان جگە لەوەى لەگەڵمان نەبوون، دژى ئەو داواکارییەى ئێمەش بوون وئەمرۆش هەمان ئەو حزب و کەسانە بەئاشکرا دژایەتى ئەوە دەکەن کە بەشێک لەو سامانەى کوردستان لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە ئیدارە بکرێت و بۆ هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان داهاتەکەى تەرخان بکرێت.
ئیمە داوامان لە حکومەتى هەرێم و پەرلەمانى کوردستان کرد کە ئەم سامانە بۆ کوردستان بگەڕێتەوە،ئەوان داوا لەحکومەتى عێراقى عەرەبى دەکەن ئەم سامانەى کوردستان بۆ بەغداى حەبیبیان بێت.ئیمە داواى ئەوەمان کرد کە ئەم سامانەى کوردستانیان بۆ حکومەتى هەرێم بگەڕێتەوە و داهاتەکەى بۆ کوردستانیان تەرخان بکرێت،ئەوانیش داواى ئەوە دەکەن ئەم سامانە بۆ برا عەرەبەکانیان بێت و خەڵکى کوردستان لێى سوودمەند نەبن.ئێمە نەوتى کەرکوکمان بە سامانى هەموو کوردستانیان دەزانین و دەبێت ئەم سامانە بۆ بژێوى و مووچە و خزمەتگوزارى تەرخان بکرێت،ئەوانیش داواى ئەوە دەکەن نەوتى کەرکوک بۆ برا عەرەبەکانیان و عێراقى خۆشەویستیان بێت.ئیمە و ئەوانیش کوردین بەڵام ئیمە لەخەمى کوردستانیان وبژێوى ژیانیانە و ئەوانیش لەخەمى گیرفانى خۆیانن.