كورد داوایەكی سوریا رەتدەكاتەوە عەفرین رادەستی هیچ لایەنێك ناكات

دوای ئەوەی دیمەشق داوای ئاراستەی هێزە كوردیەكان كرد كە دیمەشق رادەستی ئەوان بكەن, كورد داواكەیان رەتدەكەنەوە، هه‌رچه‌نده‌ كانتۆنه‌كه‌ پێشتر داوایكردووه‌، سوپای سووریا پارێزگاری له‌ سنووره‌كانی بكات، به‌ڵام حكومه‌تی ئه‌سه‌د مه‌رجی ئه‌وه‌یه‌، ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری له‌ عه‌فرین هه‌ڵوه‌شێته‌وه،‌ ئینجا پشتیوانیان ده‌كات. عه‌فرینییه‌كانیش ئه‌و مه‌رجه‌ی سووریا ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

هێرشى سوپاى توركيا و فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر شارى عه‌فرين له‌ رۆژئاواى كوردستان پێى نايه‌ ده‌يه‌م رۆژييه‌وه‌. له‌ باره‌ى زيانه‌ گيانييه‌كانيشه‌وه‌ هه‌ردوولايه‌نى شه‌ڕه‌كه‌ ئامار و زانيارى جياوازيان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

ئێواره‌ى رۆژى شه‌ممه‌ 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين له‌ ژێر ناوى “ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون” و به‌ بۆمبابارانكردنى شاره‌كه‌ له‌ لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه‌ به‌ ره‌سمى ده‌ستيپێكرد.

ئۆپراسيۆنه‌كه‌ وێڕاى به‌شدارى تانك، زرێپۆش، تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته‌، به‌ ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له‌ چه‌كداره‌ ميليشياييه‌كانى “سوپاى ئازادى سووريا” به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى عه‌فرين له‌ 2013ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ و ئه‌و ئيداره‌يه‌ له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا كه‌ وێنه‌يه‌كى ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتبوو، داوايكرد، حكومه‌تى سووريا ئه‌ركى خۆى له‌ پاراستنى سنووره‌كانى سووريا ئه‌نجام بدات، به‌و پێيه‌ى عه‌فرين به‌شێكه‌ له‌ خاك و سه‌روه‌رى سووريا.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئاڵدار خه‌ليل، هاوسه‌رۆكى ده‌سته‌ى جێبه‌جێكارى بزوتنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى ديموكراتى، كه‌ پێكهاته‌يه‌كى سه‌ره‌كى كانتۆنى عه‌فرينه‌ به‌ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى فه‌ره‌نسى راگه‌ياند، “ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى عه‌فرين پێشنيازى بۆ رووسه‌كان كردووه‌، سوپاى ئه‌سه‌د بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر سنوور و پارێزگارى له‌ سنووره‌كانى سووريا بكات”.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، عه‌هد هندى، راوێژكارى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى سوورياى ديموكرات رايگه‌ياند، “به‌ گوێره‌ى ئه‌و پێشنيازه‌ هێزه‌كانى به‌رگرى و پۆليس و ئاسايشى كورديى له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و سوپاى سووريا ته‌نيا ئه‌ركى پاراستنى سنووره‌كانى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، بۆ ئه‌وه‌ى توركه‌كان دڵنيا ببنه‌وه‌، كه‌ كانتۆنى عه‌فرين نابێته‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر ئاسايشى توركيا”.

رووسه‌كان، كه‌ له‌ عه‌فرين بوون، دواى ده‌ستپێكردنى هێرشه‌كانى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر شاره‌كه‌، كشانه‌وه‌ و ده‌رفه‌تيان دايه‌ سوپا و فڕۆكه‌كانى توركيا بۆمبابارانى شاره‌كه‌ بكه‌ن.

هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات، ئه‌وه‌ى نه‌شاردووه‌ته‌وه‌، كه‌ رووسه‌كان ناپاكيان به‌رامبه‌ر به‌ كورد له‌ رۆژئاواى كوردستان كردووه‌، ئه‌گه‌ر رووسه‌كان “گڵۆپى سه‌وز”يان بۆ توركيا هه‌ڵنه‌كردبا، توركيا ده‌ستكراوه‌ نه‌بوو له‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و هێرشه‌.

به‌ هۆى هێرشه‌كانى سوپاى توركيا و ميليشيا ئيسلامييه‌كانى لايه‌نگرى توركياوه‌ بۆ سه‌ر عه‌فرين، كانتۆنه‌كه‌ بڕياريدا به‌شدارى له‌ كۆنگره‌ى سوچى نه‌كات، كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتى رووسيا بۆ تاوتوێكردنى قه‌يرانى سووريا ئه‌مڕۆ ده‌ستيپێكرد.

له‌و باره‌يه‌وه‌ هاوسه‌رۆكى ده‌سته‌ى جێبه‌جێكارى فيدراڵى باكوورى سووريا فه‌وزه‌ يوسف به‌ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى فه‌ره‌نسى راگه‌ياند، “توركيا و رووسيا كه‌ سه‌رپه‌رشتى كۆنگره‌ى سوچى ده‌كه‌ن، له‌ باره‌ى هێرشى سه‌ر عه‌فرينه‌وه‌ هاوهه‌ڵوێستن”.

تا ئێستا حكومه‌تى سووريا وه‌ڵامى بانگه‌وازه‌كه‌ى كانتۆنى عه‌فرينى نه‌داوه‌ته‌وه‌.

به‌ڕێوبه‌رى سه‌نته‌رى توێژينه‌وه‌ ستراتيژييه‌كان له‌ ديمه‌شق، به‌سام ئه‌بو عه‌بدوڵڵا رايگه‌ياند، “ديمه‌شق ئاماده‌ نييه‌ سوپا ره‌وانه‌ى سنووره‌كان بكات و ئه‌سه‌د ده‌يه‌وێت له‌ دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ حكومييه‌كانى و سوپا بۆ عه‌فرين به‌رپرسيارێتى پاراستنى سنوور هه‌ڵبگرێت”.

له‌ به‌رامبه‌ردا شاره‌زا له‌ كاروبارى كورد موتلو جيڤيرئۆغڵۆ له‌و بڕوايه‌دايه‌، “وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ى سووريا بۆ ئه‌و داوايه‌ى كورد، هه‌وڵێكه‌ بۆ لاوازكردنى تواناى هێزى به‌رگريكارى شاره‌كه‌ و ناچاركردنيانه‌ بۆ ملكه‌چبوون به‌ه‌ داواكارييه‌كانى سووريا”.

كورد له‌ رۆژئاواى كوردستان پێشتر ئه‌و داوايه‌ى رووسياى ره‌تكردبوويه‌وه، كه‌ باسى له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپاى سوريا بۆ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان كردبوو و به‌ رووسه‌كانى راگه‌ياندبوو، هه‌رگيز نامانه‌وێت بگه‌ڕێينه‌وه‌ بۆ پێش ساڵى 2012.

عه‌هد هندى، له‌و باره‌يه‌وه‌ دووپاتيكردووه‌ته‌وه‌، “هه‌رگيز عه‌فرين راده‌ستى رژێمى ئه‌سه‌د و توركه‌كان ناكه‌ين و به‌رده‌وام ده‌بين له‌ به‌رگريكردن له‌ شاره‌كه‌”.

به‌ درێژايى ده‌يان ساڵ رژێمى سووريا كوردى په‌راوێزخستبوو، ئه‌وان له‌ سه‌دا 15ى سووريا پێكده‌هێنن، به‌ڵام له‌و وڵاته‌دا مافى پێدانى ناسنامه‌يان پێ ره‌وا نه‌ده‌بينرا و به‌ هۆى شه‌ڕى ناوخۆى سووريا و ناڕه‌زايه‌تييه‌كانى خه‌ڵكه‌وه‌ هێزى نوێى كورديى له‌وانه‌ پارتى يه‌كێتى ديموكرات (په‌يه‌ده‌) و يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه‌) و يه‌كينه‌كانى پاراستنى ژنان (يه‌په‌ژه‌) و دواتريش هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده‌) پێكهێنران و توانيان رووبه‌رێكى فراوان له‌ رۆژئاواى كوردستان و ناوچه‌كانى ديكه‌ى باكوورى سووريا له‌ ده‌ستى گرووپ و ميليشيا ئيسلامييه‌كان رزگار بكه‌ن.

ئه‌و هێزه‌ كوردييانه‌ له‌ رۆژئاواى كوردستان و باكوورى سووريا له‌ 2016ه‌وه‌ سيستمى فيدراڵى باكوورى سوريايان راگه‌ياندووه‌ و هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێيه‌كانى رۆژئاوايان ئه‌نجامداوه‌.

له‌ ماوه‌ى شه‌ش ساڵى رابردوودا ئه‌و هێزه‌ كورديانه‌ خۆيان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هێزه‌كانى به‌شار ئه‌سه‌د پاراستووه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ش وايكردبوو، نه‌ياره‌كانيان به‌رده‌وام تۆمه‌تى ئه‌وه‌يان ده‌خستنه‌پاڵ كه‌ لايه‌نگرى رژێمى به‌شار ئه‌سه‌دن.

له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ڵكشانى رۆڵى كورد بوه‌ته‌ هۆى نيگه‌رانى ديمه‌شق و به‌رده‌وام نيازى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌، هێزه‌كانى بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ و بژارى سياسييانه‌ى فيدراڵى كه‌ كورده‌كان داواى ده‌كه‌ن ره‌تده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ عه‌فرينى گه‌مارۆدراو يه‌ك ده‌روازه‌ى هه‌يه‌ كه‌ به‌ حه‌له‌به‌وه‌ ده‌يبه‌ستێته‌وه‌ و ئه‌و ده‌روازه‌يه‌ش به‌ دوو ناوچه‌ى ژێر ده‌سه‌ڵاتى سوپاى ئه‌سه‌ددا تێپه‌ڕ ده‌بێت و كورده‌كان ئه‌گه‌ر بيانه‌وێت بگه‌نه‌ عه‌فرين ده‌بێت به‌ ناوچه‌كانى سوپاى ئه‌سه‌ددا تێپه‌ڕن.

جيڤير ئۆغڵۆ، له‌ باره‌ى داهاتووى عه‌فرينه‌وه‌ راى وايه‌، “هه‌رچه‌نده‌ كورده‌كان ده‌يانه‌وێت په‌يوه‌ندى باشيان له‌گه‌ڵ رژێم هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وان نايانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ره‌وشى پێشوو، ئه‌و ساڵانه‌ى كه‌ له‌ هه‌موو مافێكى بنه‌ڕه‌تى بێبه‌ش كرابوون”.

گوتيشى: “داواى سووريا بۆ راده‌ستكردنى عه‌فرين، داوايه‌كى ناڕه‌وا و نا لۆژيكيه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ پێنج ساڵه‌ ئه‌وان عه‌فرين ده‌پارێزن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو گه‌مارۆيه‌ى له‌سه‌ريان دانرابوو”.

روونيشيكرده‌وه‌، “به‌لاى كورده‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ى رژێم به‌ هه‌مان شێوه‌ى جاران، خراپترين سيناريۆيه‌ كه‌ چاوه‌ڕوانيان ده‌كات”.

 

Back to top button