پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ كاندید دەكرێ

دوای تۆماركردنی سەركەوتنی گەورە بەسەر رێكخراوی تیرۆریستی داعش, پێشمەرگە وەك یەكێك لە هێزەكانی پاراستنی ئاشتی و رووبەرووبوونەوەی تیرۆر لە جسهان ناسێندرا, بەهۆیەوە لە دوا ڕۆژی پێشكەشكردنی ناوی بەربژێردراوەكانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو، پەرلەمانتارێكی نەرویجی بە رەچەلەك هیندی، ناوی پێشمەرگەی وەك بەربژێر بۆ وەرگرتنی نۆبڵی ئەمساڵ تۆمار كردووە.

هیمانشۆ گۆڵاتی كە ساڵی ٢٠١٣ وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی داد و ئاسایشی گشتی بووە، بە گەنجترین وەزیری دەوڵەتی نەرویج ناسرابوو، لەبارەی دەستنیشانكردنی پێشمەرگە بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ، گوتی “لە شەری دژ بە داعشدا، پێشمەرگە ڕۆڵێكی زۆر گرینگیان هەبووە بەرامبەر بەو دڕندانەی گەورەترین دوژمنی مرۆڤایەتی هەژمار دەكرێن. ئەگەر ڕۆڵی پێشمەرگە و قارەمانیەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە نەبوایە، ئێستە داعش گەورەتر و بەهێزتر دەبوو لە هەموو كاتێك”.

گۆڵاتی ئەوەشی گوتووە كە پێشمەرگە شایانی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتییە، هەروەها پێدانی خەڵاتی ئاشتی بۆ پێشمەرگە، دەبێتە رێزگرتنێكی جیهانی لە هەوڵ و تێكۆشان و قوربانیدانی ئەو هێزەی كە لە شەڕی دژ بە داعشدا درەوشانەوە لە سەنگەردان.

خەڵاتی نۆبڵ بەناوبانگترین خەڵاتی جیھانییە، كە بەناوی داھێنەرەكەی ئەلفرێد نۆبڵ كراوە، ساڵانە لە لایەن لیژنەیەكی پسپۆڕی سویدی و نەرویجی دابەش دەكرێت.

Back to top button