هەفتەی داهاتوو لێكۆڵینەوەی ورد لەبارەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەست پێ دەكا

دوای ئەوەی گرووپی خیانەتكاری یەكێتی لە 16ـی ئۆكتۆبەری كەركووكیان فرۆشت, وا بڕیارە لێكۆڵینە لە رووداوەكە بكرێت, سەرۆكی لێژنەی بەدواداچوون بۆ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ئاشكرای كرد، ھەفتەی داھاتوو دەست دەكەن بە سەردانی مەیدانی بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر.

شوان ئەحمەد، سەرۆكی لێژنەی تایبەتمەند بۆ بەدواداچوونی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و خورماتوو، ڕایگەیاند: “دوێنێ سێشەممە 30/1/2018، كۆبوونەوەمان ئەنجام داوە و ھەفتەی داھاتوو سەردانی مەیدانی بۆ ئەو شوێنانە دەست پێ دەكەین“.
ئەوەشی ڕوون كردەوە كە لە سەردانەكەیاندا هەوڵ دەدەن، بەرپرسە سەربازییەكان، خەڵك، ئەنجومەن و قایمقامی پێشوو لەوانەیە ببینن و ھەموو ئەو بەڵگە و دیكیۆمێنتانەی ھەیە بەدەستیان دەھێنن بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێكی تێروتەسەل لەسەر ئەو دۆخەی ڕووی داوە، ئامادە بكەن.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو: “بابەتەكە پەیوەندیدارە بە خورماتوو و ڕووداوەكانی دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر كە لەو سنوورەدا ڕووی داوە”.
لەبارەی ئەو بەڵگە و ڤیدیۆیانەی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە دوای كەوتنی كەركووك ئاشكرا بوون، سەرۆكی لێژنە پەرلەمانییەكە ئاشكرای كرد: “ئەوەی بە ئێمە بكرێت لەسەر ئەو دۆخەی ھەبووە بۆ ڕاپۆرتەكەمان ئامادەی دەكەین، دەزانین چی ڕووی دا؟ چۆن ڕووی دا و بە چ شێوەیەك بوو؟ ئەو بارودۆخە چۆن دروست بوو؟ بۆیە دەبێ لێپێچینەوە و بەدواداچوون بكەین تا ئەو شتانە بكرێن بە بەڵگە و لە ھەفتەی داھاتووەوە دەست دەكەین بە پەیوەندیكردن و ھەركات ھەلی بڕەخسێت دەست پێ دەكەین”.

Back to top button