خواكوڕك نهێنی ڕاگرتنی پهخشی كهی ئێن ئێن ئاشكرا دهكات
كەناڵی كەی ئێن ئێن كاتژمێر 12ی شەوی ڕابردوو بۆماوەیەكی نادیار پەخشی ڕاگرت، كەناڵەكە دەستبەرداری سەرجەم ڕۆژنامەنوسو كارمەندەكانی بووەو تەواوی گرێبەستەكانی كاركردنی هەڵوەشاندووەتەوە.
ڕاگرتنی پەخشی كەی ئێن ئێن پەیوەندیی بە گۆڕینی فریكوێنسیی پەخشی كەناڵەكەو گۆڕانكاریی ناوخۆییو نوێكردنەوەوە هەیە لە ژێر چاودێرییو بە “پارە”ی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، كێشەكانی نێوان گۆڕانو جوڵانەوەی نەوەی نوێ كاریگەرییان هەبووە لەسەر بڕیاری گۆڕان بۆ ڕاگرتنی كەناڵەكەی.
هەرچەندە كەی ئێن ئێن لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕاگرتنی پەخشەكەی بۆ “كێشەی تەكنیكی” گەڕاندووەتەوە، بەڵام خواكوڕك لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانییەوە زانیویەتی دوو هۆكاری سەرەكی هەبوون بۆ ڕاگرتنی ئەو كەناڵە.
كەی ئێن ئێن لەسەر فریكوێنسیی كۆمپانیایەك پەخشدەكات كە (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ خاوەنداریی دەكات، گۆڕان بڕیاریداوە ئەو فریكوێنسییە بگۆڕێتو لای ئەو كۆمپانیایە نەمێنێت.
لەگەڵ ڕاگرتنی پەخشی كەناڵەكەدا، بەڕێوەبەری گشتیی كەی ئێن ئێن، بە فەرمانێك كە لە كەناڵەكە هەڵواسراوە، سەرجەم گرێبەستی كارمەندو بەڕێوەبەرو بەرپرسی بەشەكانی كەناڵەكەی هەڵوەشاندووەتەوەو بڕیارە بەپێی گرێبەستی نوێو لە پڕۆسەیەكی نوێدا كارمەند وەربگرێتەوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان، بە خواكوڕكی ڕاگهیاند:”بەهۆی ئەو گرژیو هێرشانەی شاسوار عەبدولواحیدو نەوەی نوێ دەیكەنەسەر گۆڕان، بزووتنەوەكە پێیباشبوو فریكوێنسییەكە لای ئەو كۆمپانیایەی ئەوان نەمێنێتو مەترسی ڕاگرتنو كێشە بۆدروستكردنی نەبێت ئەگەر هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستیپێكردو گۆڕان وەڵامی هێرشەكانی دایەوە.”
ساڵانە كەناڵە ئاسمانییەكان دەبێت بڕە پارەیەك بدەن بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی پەخشەكەیان، كەی ئێن ئێن تائێستا پەخشەكەی نوێ نەكردووەتەوە كە دەبوو 31-12-2017 نوێی بكاتەوەو پێویستی بە 300 هەزار دۆلار هەیە.