رێككەوتنێكی لاهور شێخ جەنگی و حەشدی شەعبی دژ بە خۆبەخشان ئاشكرا دەبێت
دوای ئەوەی لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بە هاوكاری گرووپی خیانەتكاری یەكێتی كەركووكیان داگیركرد, لە ئێستادا بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دژی خۆبەخشانی كورد كە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و تاوانەكانی حەشدی شەعبی بەرامبەر بە كوردان، دەستیان داوەتە چەك، لاهوور جەنگی سەردانی خورماتوو دەكات و لەگەڵ حەشدی شەعبی ڕێك دەكەوێت.
ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: “بەپێی زانیارییەكانمان، لاھوور جەنگی سەردانی سنووری خورماتووی كردووە و لەگەڵ ئەو ھێزانەی عێراق لە سنوری خورماتوو كۆبووەتەوە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی، ئۆپەراسیۆنێك لە ناوچەی (داودە)ی سەر بە خورماتوو ئەنجام بدەن، بەبیانوی نەھێشتنی ھێزە نەناسراوەكە”.
ئەوەشی ڕوون كردەوە كە ئامانجی كۆبوونەوەكە ئەوە بووە، هێزەكانی عێراق و ئەو بەشەی هێزەكانی پێشمەرگە كە لەژێر بڕیاری لاهوور جەنگیدا دەكرێ بجووڵێنرێن، هەماهەنگی بكەن و دواتر هێزە عێراقییەكان لە ناوچەكە بمێننەوە.
ھاوكات ئەرسەلان عەلی ئەوەشی ئاشكرا كرد: “ئێستا باس لەوە دەكرێت كە ھێزەكانی عێراق تا نزیك گوندی (قوشەلان)ی ناوچەی داودە دێن و بە نیازن لەم ھەفتەیەدا ئۆپەراسیۆنێك لە دژی ھێزە نەناسراوەكە و خۆبەخشەكان ئەنجام بدەن”.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ناوچەی داودەی سەر بە خورماتوو، زیاتر لە 50 گوندی كوردنشین لەخۆوە دەگرێت و لە راپەرینەكەی بەھاری ساڵی 1991ەوە تا ئێستا، لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دایە، بەڵام وەك چاودێران ئاماژەی بۆ دەكەن كە ئێستا ویستێك ھەیە بۆ ئەوەی ناوچەی داودەش بخەنە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی.